عەلی زەیدی: قۆناخی سەروەریی لە عێراق دەستپێدەکات
سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستپێکردنی قۆناخی نوێی سەروەریی نیشتمانیی راگەیاند، کە لەسەر شەش پایەی ستراتیژی وەک کشانەوەی تەواوەتیی هاوپەیمانان، کشانەوەی هێزەکانی تورکیا، یەکخستنی پێشمەرگە، دەرکردنی چەکدارانی پەکەکە و ئۆپۆزسیۆنی بیانی و کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بونیاد نراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆنفرانسی "رۆژی سەروەری"ی کرد، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسان، سەرکردەی هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان، باڵیۆز و نوێنەری نێردە دیپلۆماسییەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان.
سەرۆکوەزیران لە گوتارێکدا بەم بۆنەیەوە جەختی کردەوە، کە ئەمڕۆ هەوڵەکانی گەلی عێراق بە دەستکەوتێکی شایستە بۆ سەروەریی نیشتمانی گەیشتووەتە ئەنجام و وڵاتەکەمان بە بەرەکەتی خوێنی شەهیدەکانی، یەکێک لە گەورەترین نەبەردەکانی مێژووی هاوچەرخی تێپەڕاند و کۆڵەکەکانی سەروەریی خۆی بەسەر خاک، ئاسمان و ئاوە هەرێمییەکانیدا تەواو کرد.
زەیدی روونی کردەوە کە ئەو سەروەرییەی عێراق ئەمڕۆ وەریگرتووەتەوە، لە چەندین دەستکەوتی نیشتمانیی بەیەکەوەبەستراودا بەرجەستە دەبێت، کە گرنگترینیان بریتین لە:
-کشانەوەی هێزە بیانییەکان و کۆتاییهاتنی تەواوەتیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق.
-رێککەوتن لەسەر کشانەوەی هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کۆتاییهێنان بە بوونی سەرجەم گرووپە چەکدارە بیانییەکان لەسەر خاکی عێراق.
-یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر چەتری وەزارەت، بە شێوەیەک کە یەکڕیزیی بڕیاری ئەمنی و سەربازی بەهێز دەکات.
-کۆتاییهێنان بە بوونی هەر هێزێکی چەکداری بیانی لەسەر خاکی عێراق و رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی وڵات وەک سەکۆیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
-کۆنتڕۆڵکردنی دۆسیەی چەک بەپێی دەستوور و یاسا، لەسەر بنەمای خشتەی کاتیی رێککەوتوو بۆ چارەکردنی دۆخی گرووپە چەکدارەکان و تێکەڵکردنیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت.
-دەستپێکردنی بونیاتنانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی نیشتمانیی تەواوکاری بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای عێراق لە پاراستنی سەروەریی ئاسمانی خۆی.
زەیدی گوتی: "ئەمڕۆ دەستپێکردنی قۆناخی سەروەری رادەگەیەنین؛ ئەو قۆناخەی کە دەوڵەت دەیپارێزێت، یاسا گەرەنتیی دەکات و سەرجەم عێراقییەکان لە بونیادنانیدا بەشدار دەبن".
هاوکات ستایشی هەڵوێستی ئەو گرووپانەی کرد کە پابەندبوونی خۆیان بە چارەکردنی پرسی چەک بە پێی دەستوور و خشتەی کاتیی حکوومەت نیشانداوە و، هیوای خواست لایەنەکانی دیکەش هەمان هەڵوێست بنوێنن،
لە هەمان کاتدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە بەشێکی دانەبڕاو لە پاراستنی سەروەری ناوبرد.
لە بارەی رەهەندی ئابووریشەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە، سەروەری لە ئابوورییەکی بەهێزدا رەنگ دەداتەوە کە توانای رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییە جیهانییەکانی هەبێت؛ هەر بۆیە حکوومەت بەردەوام دەبێت لە هەمەچەشنکردنی ئابووری، وەبەرهێنان لە توانای گەنجاندا و پاراستنی سامانی نیشتمانی لە سەرووی هەمووشیانەوە سامانی نەوت، لە پێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ سەرجەم هاووڵاتییان و پاراستنی ئاسایشی وڵات.