تاشان بەهار لە بەریتانیا خەڵاتی باشترین فیلمی بەڵگەنامەیی بەدەستهێنا
تاشان بەهار، فیلمساز و بەرهەمهێنەری کورد لە بەریتانیا، بە فیلمی "ئۆدری"، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی جەین ئۆستین لە شاری باس لە بەریتانیا بەدەستهێنا.
هەینی، 2ی تشرینی یەکەمی 2026، تاشان بەهار، دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "فیلمی "ئۆدری"، یەکەم ئەزموونی منە وەک دەرهێنەر و چیرۆکی ژیانی ژنێکە کە بۆ 45 ساڵ ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردن بە مۆزەخانەی پارە و مێژووی پۆست تەرخان کردووە، ئەو خزمەتەش وای کردووە شاژن ئێلیزابێس خەڵاتی مەدالیای پێزانینی پێ ببەخشێت."
تاشان بەهار سەبارەت بە دروستکردنی بەڵگەفیلمەکە گوتی، "من بۆ دروستکردنی ئەم فیلمە نزیکەی ساڵێک کارم کردووە و لە قۆناخەکانی بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا بەشداریی راستەوخۆم هەبووە. فیلمەکە 15 خولەکە و سینەماتۆگرافەرییەکەی لەلایەن ئەینزلی جۆنسن، سینەماتۆگرافەری بەریتانی، ئەنجام دراوە. یەکەم نمایشی فیلمەکە لە شاری باس کراوە؛ هەمان ئەو شارەی کە فیلمەکەی تێدا وێنە گیراوە و ئۆدریش ژیانی تێدا بەسەر بردووە. ئەو ساتە بۆ من زۆر تایبەت و پڕ هەستە، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی ئۆدری ساڵی رابردوو لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، بەڵام فیلمەکەم پێشکەشە بەو مرۆڤە بەرزە کە لە راستیدا دەکاتە نەنکم."
تاشان بەهار جەختی لەوەش کردەوە، "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی جەین ئۆستین لە شاری باس، یەکێکە لە فێستیڤاڵە سینەماییەکان لە بەریتانیا کە فیلمسازانی وڵاتانی جیاواز بەشداری تێدا دەکەن. لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە فیلمسازانی ئەمریکی، چینی، سویدی، فەرەنسی، بەریتانی و چەند وڵاتێکی دیکە بەشدارییان کردووە."
سەبارەت بە بەدەستهێنانی خەڵاتی بەڵگەفیلمەکە لەو فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییە، تاشان بەهار دەڵێت، "فیلمی "ئۆدری"، لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە بەڵگەنامەییەکاندا خەڵاتی باشترین فیلمی بەڵگەنامەیی بەدەستهێناوە. ئەم دەستکەوتە بۆ من بە تایبەتی گرنگە، چونکە "ئۆدری" یەکەم ئەزموونی منە وەک دەرهێنەر و لە یەکەم هەنگاوی فیلمسازیی خۆمدا توانیومە سەرنجی بینەرانی سینەمایی و فیلمسازانی بەشدار لە فێستیڤاڵەکەدا رابکێشم."
تاشان بەهار باسی لەوەش کرد، "لە دوای نمایشکردنی فیلمەکە، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە دەستخۆشی لێکردووم و پێی گوتم؛ باوەڕ ناکەم هیچ چاوێک هەبێت بە فرمێسک تەر نەبووبێت لە کاتی نمایشکردنی فیلمەکەت. هەروەها من کۆمەڵێک لە فیلمسازان و بەشداربووانی فێستیڤاڵەکەشم هانداوە کە بەردەوام بن لە بواری فیلمسازی، و هەڵسەنگاندنیان بۆ فیلمی "ئۆدری" بووەتە پاڵپشتێکی گرنگ بۆ بەردەوامبوونییان لەم بوارەدا."
تاشان بەهار، خانمە فیلمساز و بەرهەمهێنەری کورد، لەساڵی 1996 لە لەندەن لەدایک بووە و لەوێش دەژی. باوکی کوردە، کەی بەهار، و دایکی ئینگلیزە، جۆزی بەهار. ئەو لە تەمەنی سێ ساڵییەوە حەزی بە نواندن و خۆدەربڕین هەبووە و بە پشتگیری دایک و باوکی، لەگەڵ خوێندنی ئاسایی، لە قوتابخانەی نواندنیش بەشداری کردووە. یەکێک لە یەکەم ئەزموونە هونەرییەکانی تاشان لە تەمەنی پێنج ساڵیدا بووە، کاتێک وەک هەڵپەرکێکار لە نمایشی "ئازادی و خۆشەویستی" بەشداری کردووە؛ ئەو نمایشە بە هاوکاری کەی بەهار، باوکی، لە فێستیڤاڵی هونەری نێودەوڵەتی ئێدنبرە لە سکۆتلەندا پێشکەش کراوە.
تاشان دواتر بەردەوام بووە لە نواندن و بووەتە ئەکتەرێکی پڕۆفێشناڵ و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە تیپی شانۆ ـ موزیکالی لاوانی زەنیس لە شاری باس کاریکردووە. لەو ماوەیەدا لە چەندین شانۆگەریدا رۆڵی بینیوە و لە نێوان ئەو کارانەدا "گریس" و "گوڵەکانی ئیم" لەو بەرهەمانەن کە خۆشەویستترینن لەلای، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی رۆڵی ژنێکی زۆر بە تەمەنی لە یەکێکیاندا بینیوە.
تاشان بەهار لە ساڵی 2017 و لە تەمەنی 19 ساڵیدا، وەک یەکەم کچی کورد، سەرکەوتووەتە سەر چیای کلیمەنجارۆ لە تانزانیا، کە بەرزییەکەی 5895 مەترە و بە بەرزترین چیای ئەفریقا دادەنرێت. لەسەر لوتکەی چیاکە، تاشان بە ڤیدیۆ پەیامێکی ناردووە بۆ بانگەشەکردن بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتبوونی کوردستان و ئاڵای کوردستانی بەرز کردووەتەوە.