رۆژ کەریم کۆنسێرتێک لە سلێمانی ساز دەکات

رۆژ کەریم، هونەرمەندی ناسراوی کورد، ئامادەکاریی بۆ پێشکەشکردنی کۆنسێرتێکی تایبەت لە سلێمانی دەکات؛ کۆنسێرتێک کە چاوەڕوانییەکی بەرچاوی لە نێو هەوادارانی دروست کردووە و فرۆشتنی خێرای بلیتەکانی، پێش دەستپێکردنی، بووەتە نیشانەی پێشوازیی گەرمی جەماوەر لەم کۆنسێرتە هونەرییەدا.

یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، رۆژ کەریم، هونەرمەندی ناسراوی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "لە ماوەی تەنیا 40 خولەکدا، سەرجەم بلیتەکانی هەردوو شەوی کۆنسێرتەکە فرۆشراون؛ بڕیارماندا کۆنسێرتەکە بکەینە سێ رۆژ لەبەر دڵی هەوادارە خۆشەویستەکانم و ئەو خێرا فرۆشتنی بلیتە پێشوازییەکی خێرا و بەرچاوە و ئەوە نیشان  دەدات هەواداران چەندە تامەزرۆی بەشداری لەم کۆنسێرتە  هونەرییە بوون."

رۆژ کەریم سەبارەت بە خێرا فرۆشتنی بلیتەکانی کۆنسێرتەکەی گوتی، "ئەم خێرا فرۆشتنەی بلیتەکانی کۆنسێرتەکەم کارێکی دەگمەن و جێگەی بایەخە و زۆر دڵخۆشم، لەبەر ئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا هەموو بلیتەکانی دوو شەوی کۆنسێرتەکە فرۆشراون، تەنیا ژمارەیەک نییە، بەڵکو نیشانەی پەیوەندییەکی بەهێز و زیندووە لە نێوان هونەرمەند و هەوادارانی، هەروەها دەربڕینی خۆشەویستی و گرنگیدانی جەماوەرە بە کار و چالاکییە هونەرییەکان."

رۆژ کەریم باسی لەوەش کرد، "سلێمانی وەک یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی هونەر و موزیکی  کوردی، هەمیشە شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنسێرت و چالاکییە جۆراوجۆرە هونەرییەکان بووە و جەماوەری ئەم شارەش پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ موزیک و گۆرانیی کوردی هەیە.  منیش هەوڵ دەدەم لەو سێ شەوەدا، ئەو گۆرانییانە پێشکەش بکەم کە هەوادارەکانم یادگاری جوانیان لەگەڵ هەیە."

سەبارەت بەو پێشوازییە گەرمەی جەماوەر لەو کۆنسێرتە، رۆژ کەریم گوتی دەڵێت، "ئەم پێشوازییە گەرمە و ئەو خۆشەویستییەی لەلایەن جەماوەرەوە وەرم گرتووە، هاندەر و پاڵنەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی بە وزەیەکی زیاترەوە لەبەردەم هەوادارانم ئامادەبم. پەیوەندیی هونەرمەند لەگەڵ جەماوەر تەنیا لە رێگەی پێشکەشکردنی گۆرانییەوە نییە، بەڵکو ئەو خۆشەویستی و پشتگیرییەی لە هەوادارانەوە وەردەگریت، بەشێکی گرنگی بەردەوامبوون و پەرەپێدانی کاری هونەرییە."

ئەو هونەرمەندە ئەوەشی روونکردەوە، "رێکخستنی ئەم کۆنسێرتە لە رووی ئامادەکاری و لۆجستییەوە ئاسان نەبووە؛ چونکە من لە دەرەوەی وڵات دەژیم و کاتی بەردەستم بۆ ئامادەکردنی بەرنامەکە سنووردار بووە. هەروەها گواستنەوە و هێنانی تیپی موزیک و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشکەشکردنەکە تێچووی تایبەتی خۆی هەبووە و ئەم هەموو کارانە پێویستیان بە رێکخستن و هاوکارییەکی ورد هەبووە."

رۆژ سەبارەت بە گرووپی موزیکی کۆنسێرتەکە گوتی، "لە ئێستادا، من لەگەڵ تیپی موزیکەکەم سەرقاڵی پرۆڤە و ئامادەکاری و وردەکارییەکانی کۆنسێرتەکەم. ئەم ئامادەکارییانە تەنیا پەیوەندیدار بە راهێنانی گۆرانی و موزیکەوە نییە، بەڵکو رێکخستنی تەواوی بەرنامەکە، هاوئاهەنگیی نێوان ئەندامانی تیپ و ئامادەکردنی پێشکەشکردنێکی هونەریی یەکگرتووش دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی هەرسێ شەوەکە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی جەماوەر بن."

رۆژ کەریم ئاماژەی بەوەش دا، "ئەم کۆنسێرتە دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی من کار و بەرهەمی گۆرانییەکانم لەبەردەم جەماوەر پێشکەش بکەم و لە رێگەی پێشکەشکردنی گۆرانی و بەرنامەیەکی موزیکی، پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ هەوادارانم دروست بکەم. هەروەها ئەم جۆرە کۆنسێرتانە دەرفەتێکن بۆ زیندووڕاگرتنی پەیوەندیی نێوان هونەرمەندانی کوردی دانیشتووی دەرەوەی وڵات و جەماوەری ناوخۆ، تا هونەر و موزیکی کوردی لە ناوچە و شارە جیاوازەکاندا بەردەوام بێت."

کۆنسێرتەکەی هونەرمەند رۆژ کەریم، بڕیارە 11ی کانوونی یەکەمی 2026، لە سلێمانی بەڕێوەبچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

رۆژ کەریم، هونەرمەندی ناسراوی کورد، لە ساڵانی هەشتاکان دەستی کردووە بە کاری هونەری. لە ساڵی 1985، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی تیپى موزیکی كۆژک. ئەو لە ساڵی 1996  کوردستانی جێهێشتووە و نیشتەجێی سوێدە.