سوپای پاسداران: سەردەمی هەڕەشەی بێ باج کۆتایی هاتووە

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بەبۆنەی دووەمین ساڵیادی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستەقینە 2" هۆشداریی دایە ئەمریکا و ئیسرائیل و رایگەیاند، سەردەمی هەڕەشەی بێ باج بەسەرچووە و هێزەکانیان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ دانانی وەڵامێکی مەرگهێنەر بۆ هەر جوڵەیەکی دوژمنکارانە.

هەینی 2ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی سوپای پاسدارانی ئێران، ئۆپەراسیۆنی 1ـی تشرینی یەکەم وەڵامێکی مێژوویی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بوو لە بەرامبەر کوژرانی سەرکردەکانی بەرەی مقاوەمە (ئیسماعیل هەنیە، حەسەن نەسروڵڵا و عەباس نیلفروشان)، کە تێیدا لە رێگەی شەپۆلێک لە مووشەکی پێشکەوتوو و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وردپێکەوە قوڵایی خاکی ئیسرائیل کرایە ئامانج و هێزی بەرپەرچدانەوەی تاران بە روونی نیشانی جیهان درا.

سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە، ئەو هێرشە ستراتیژییە پەیامێکی روون بوو بۆ نەیارانی ئێران، بەتایبەت دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی و ئیسرائیل، بەوەی کە هەر دەستدرێژییەک وەڵامێکی بەئازار و پەشیمانکەرەوەی لەدوا دەبێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران دڵنیایی داوەتە گەلی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە بەرەی مقاوەمە لە ناوچەکەدا، کە هێزەکانیان بە پشتبەستن بە رێنماییەکانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی و هەبوونی زانیاریی هەواڵگریی ورد لەسەر بنکە و جموجۆڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە و ئامادەن بە شێوازێکی یەکلاکەرەوە، دەستبەجێ و زۆر مەرگهێنەرتر لە ئۆپەراسیۆنی پێشوو، وەڵامی هەر هەڕەشە یان هەڵەیەکی لێکدانەوە بدەنەوە.