موحسین رەزایی: ترەمپ شکست لە دوای شکست تۆمار دەکات

 ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە پەیامێکدا رەخنەی توندی لە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا گرت و رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا تەنیا لە خەیاڵیدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، لە کاتێکدا هاوکێشە راستەقینەکان لە مەیداندا بەدەستی ئێران و هێزەکەی دیاری دەکرێن.

هەینی، 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای "ئێکس" نووسیویەتی: " شکست لە دوای شکست، خراپترین سەرۆک لە مێژووی ئەمریکادا بەردەوامە لە قسەکردن، بە جۆرێک ئێستا قسەکانی تەنانەت سنووری خەیاڵەکانی خۆیشی تێپەڕاندووە".

موحسین رەزایی لە درێژەی پەیامەکەیدا رووی لە سەرۆکی ئەمریکا کردووە و دەڵێت: "تۆ دەتوانیت هەموو رۆژێک لە خەیاڵی خۆتدا سەرکەوتن بەدەستبهێنیت، بەڵام لە راستیدا رووداوەکان لەلایەن ئێرانەوە شێوە دەگرن، لەلایەن گەلەکەی، سەربازەکانی و مووشەکەکانیەوە".

ئەم لێدوانەی موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە دوایین لێدوانیدا سەبارەت بە ئێران گوتی، تاران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەمووان 100%ـی هاوڕان لەسەر ئەوەی ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە تاران ئەتۆمی هەبێت کێشەیە.

لە بارەی گەرووی هورمزەوە گوتی: "ئێستا ئەو بڕە نەوتەی بە گەرووی هورمزدا دەگوزارێتەوە زیاترە لە هەموو کاتێک، هەروەها دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ئەمریکا و ئێران نرخی سووتەمەنییش زۆر دادەبەزێت."

هاوکات جەختیکردەوە، ئەگەر ئێران کۆتایی پێبێت بریکارەکانیشی کۆتاییان پێدێت.