ئێران بۆ سووککردنی سزاکان ئامادەیی نیشانداوە پشکنین بۆ وێستگە ئەتۆمییەکانی دەستپێبکاتەوە

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی بلۆمبێرگی راگەیاندووە، لە میانی کۆبوونەوەکانیدا لە نیویۆرک، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئامادەیی وڵاتەکەی نیشانداوە بۆ پشکنینی ئەو وێستگە ئەتۆمییانەی لە ماوەی جەنگدا بۆردومان کراون و گومانی دووبارە چالاککردنەوەیان لە لایەن تارانەوە لەسەرە. 

هەینی 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی بلۆمبێرگ ئاشکرایکرد، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانەی دیدارەکانی لە نیویۆرک پێشنیازی کردووە رێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بدرێت سەردانی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانە بکەن کە لە ماوەی جەنگدا بۆردومانکراون. ئەم پێشنیازە لە بەرامبەر سووککردنی سزاکانی سەر تاران خراوەتەڕوو.

دیپلۆماتکاران پێیان وایە پێشنیازەکەی عێراقچی ئاماژەیە بۆ ئەو گوشارە ئابوورییەی کەوتووەتە سەر تاران. سەرەڕای ئەمەش، وەزیری دەرەوەی ئێران لەو دیدارانەدا زانیاریی وردی لەبارەی دۆخی ئابووریی وڵاتەکە نەخستووەتەڕوو.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گومانی لە پابەندبوونی ئێران بە هەر رێککەوتنێکی داهاتوو هەیە و داوای لە سەرکردایەتیی ئێران کرد بڕیارێکی گونجاو بدەن.

ترەمپ لەبارەی دۆخی گەرووی هورمز گوتی: "لە چەند رۆژی رابردوودا نەوتی زیاتری وڵاتەکە لە گەرووی هورمز هێناوەتە دەرەوە. هێزی دەریایی گەمارۆی خستووەتە سەر ناوچەکە و تەنیا ئێمە دەتوانین مۆڵەتی تێپەڕبوون بە کەشتییەکان بدەین. ئێران لە چەند مانگی رابردوودا نەیتوانیوە رێگە بە تێپەڕبوونی هیچ کەشتییەک بدات".

سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە کۆتاییهاتنی جەنگ گوتی: "کاتێک جەنگ کۆتایی دێت، کە بە هەر شێوازێک بێت روودەدات، پێویستە ئێران هەنگاوێکی زیرەکانە بنێت، ئەگەرنا بۆ ماوەیەکی زۆر نامێننەوە. ئەم دۆخە راشکاوانە شتێکە حەز ناکەم بیبینم، بەڵام هەندێک لایەن پێیان وایە رێککەوتن لەگەڵ ئێرانییەکان سوودی نابێت".

گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەرەسەندندان، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو جەنگەیە کە لە کۆتایی شوباتدا بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەڵگیرسا.