سوپای یەمەن گورزێکی کوشندە لە حووسییەکان دەوەشێنێت
سوپای نیشتمانیی یەمەن رایگەیاند، کە لە میانی ئەنجامدانی 474 هێرشی ئاسمانی، مووشەکی و تۆپخانەیی لە ماوەی تەنیا 24 کاتژمێری رابردوودا، توانیویانە زیاتر لە هەزار و 540 چەکداری حووسی لە بەرەکانی جەنگدا بکەنە ئامانج، کە زۆرینەیان لە میحوەرەکانی پارێزگای تەعز کەوتوونەتە بەر شاڵاوی هێرشەکان.
هەینی، 2ـی تشرینی یەکەمی 2026، سوپای نیشتمانیی یەمەن، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆن و هێرشی چڕ لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، زیاترە لە هەزار و 540 چەکداری حووسی کوژراون و بریندار بوون.
ماجید نەزەیلی، گوتەبێژی سەربازیی سوپای یەمەن، لە راگەیەنراوەکەدا روونی کردەوە، بازنەی ئۆپەراسیۆنەکان سەرجەم بەرەکانی شەڕی گرتووەتەوە، لە باشووری حەرز، ناوچەی کەناراو و کیتافەوە، تا دەگاتە بەرەکانی جەوف، مەئریب، بەیزا، لەحج، سەنعا و سەعدە، لەگەڵ تیشکخستنەسەر و چڕکردنەوەیەکی تایبەتی ئۆپەراسیۆنەکان لەسەر بەرەکانی پارێزگای تەعز.
نەزەیلی ئاماژەی بەوەش کرد، کە بە پێی پلان و نەخشە سەربازییە پەسەندکراوەکان، سەرچاوەکانی هەڕەشە، گردبوونەوەکان، هێزە یارمەتیدەرەکان، ناوەندەکانی فەرماندەیی، کۆنتڕۆڵ ە توانا سەربازییەکانی نەیار کراونەتە ئامانج.
بە پێی راگەیەنراوەکە، 216 ئامێر، زرێپۆش و کەرەستەی جۆراوجۆری سەربازیی حووسییەکان تێکشکێنراون و لەکار خراون، هەروەها ئەم ئۆپەراسیۆنانە هێڵی پێشڕەویی میلیشیاکانی لە تەعز تێکشکاندووە و سەرجەم هەوڵەکانیانی بۆ دروستکردنی کەلێنی مەیدانی پووچەڵ کردووەتەوە.
گوتەبێژی سوپای یەمەن دووپاتی کردەوە، هێزە چەکدارەکانیان بە ورەیەکی بەرز و جێگیریی مەیدانی لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن لەپێناو مافی شەرعیی خۆیان بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنی ئاسایش و سەروەریی خاکی یەمەن.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە کە گرژی و شەڕی نێوان هێزەکانی حکوومەت و چەکدارانی حووسی بە شێوەیەکی بێپێشینە لە چەندین بەرەی وڵاتدا پەرەی سەندووە، کە توندترینیان لە سنووری پارێزگای تەعزە