کەشناسی: ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکان نمەباران دەبێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، رەوشی کەشوهەوا و پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 03-10-2026، ئاسمانی هەرێم بە گشتی نیمچە هەور دەبێت و لە هەندێک کاتدا نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان و بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک، هەروەها گەرمیان، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئیدارەی راپەڕین دەبارێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، خێرایی با لە نێوان 10 بۆ 20 کم/ک لەسەرخۆ تا مامناوەند دەبێت بە ئاراستەی باشووری خۆرئاوا، و مەودای بینینیش لە نێوان 8 بۆ 10 کیلۆمەتر دەبێت. هاوکات پلەکانی گەرما لە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ نزیک دەبنەوە.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی یەکشەممە (04-10-2026)، کەشناسی پێشبینی دەکات ئاسمان بە گشتی ساماڵ بێت و لە هەندێک کات و شوێنیشدا پەڵەهەور و نیمچە هەور دەردەکەوێت. خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند (10-20 کم/ک) دەبێت بە ئاراستەی گۆڕاو، مەودای بینینیش لە نێوان 8 بۆ 10 کم دەبێت. سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، پێشبینی دەکرێت سبەی بە رێژەی (1 تا 2) پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ بەرزتر ببنەوە.

 

شارەکان کەشی پێشبینکراوی شەممە، 3/10/2026 کەشی بێشبینی کراوی یەکشەممە، 4/10/2026 جیاوازییەکان
هەولێر 28 29 +1
سلێمانی  24 25 +1
دهۆک 28 28 وەک خۆی
هەڵەبجە 29 29 وەک خۆی
سۆران 25 25 وەک خۆی
پیرمام 23 24 +1
چەمچەماڵ 28 29 +1
زاخۆ 28 29 +1
ئاکرێ 27 28 +1
گەرمیان 33 34 +1
حاجی ئۆمەران 17 19 +1