لەبەغدا هۆزەکان هۆشداری دەدەن لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی چەکداری

وەبەرهێنەران چاویان بڕیوەتە زەوییەکانی دەوروبەری بەغدا و بەنیازیشن نزیکەی 5 هەزار خێزانی هۆزەکان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەربکەن و زەوییەکانیان بۆ مەبەستی وەبەرهێنان بەکاربهێنن.

ئەندامانی هۆزەکان دژی ئەو هەوڵانە خۆپیشاندانیان کرد و رایانگەیاند: 150 ساڵە لەو زەویانە نیشتەجێین و خاوەنی تاپۆ و سەرجەم بەڵگەنامە فەرمییەکانین، هاوکات نازانین ئەو زەویانە بە چ میکانیزمێک دراون بە وەبەرهێنەران. هۆزەکان هۆشداری دەدەن ئەگەر وەبەرهێنەران هەوڵی دەرکردنیان بەزۆر بدەن، ئەوا رووبەڕوویان دەبنەوە.

زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری بەغدا بەهۆی فراوانیی رووبەرەکەیانەوە وەبەرهێنەرانی راکێشاوە، بەتایبەت ناوچەی رەزوانییە کە نزیکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا. سەرەڕای ناڕەزایەتی دانیشتووانەکەی، دەست بەسەر زەوییەکانی ئەو ناوچەیەدا گیراوە، کە تێیدا هەزاران ئەندامی هۆزەکان نیشتەجێن و مەترسیی دەرکردنیان لەسەرە، بەمەش هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەمدا نەماوە جگە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی بۆ رێگری لە داگیرکردنی ئەو زەوییانەی سەدان ساڵە تێیدا دەژین.

عەلی عامری، یەکێک لە کەسایەتییە هۆزەکان بە کوردستان24ی گوت: "چۆن 5 هەزار دۆنم زەوی دەدرێت بە وەبەرهێنەرێک، لەکاتێکدا ئەو زەوییانە موڵکی تایبەتن و ئێمە تاپۆمان هەیە، بەشێک لە زەوییەکانیش موڵکی دەوڵەتن و مافی مامەڵەکردنیان نییە. ئەم 5 هەزار خێزانە کە ماوەی 150 ساڵە لێرە دەژین دەبێت بۆ کوێ بچن، ئێمە لە دێرە زەمانەوە لێرەین".

ئەرکان شەمەری، هاووڵاتییەک گوتی: ژمارەیەکی زۆری ئەندامی هۆزەکانی جبوور، ئەبو عامر و مەرسومی لەو ناوچەیە نیشتەجێن و بەگشتی نزیکەی 100 هۆز لەوێ دەژین. ئەو هاووڵاتییە پرسیاری ئەوەی کرد کە چۆن بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ دانیشتووانەکەی دەکرێت.

عەلی مالەڵا، هاووڵاتییەکی دیکەیە و گوتی: "سامانی ئێمە داگیر دەکەن و داوای رۆیشتنمان لێ دەکەن، کێ مافی ئەوەی پێداون، ئێمە تاپۆی سەردەمی عوسمانیمان هەیە و بەڵگەکانمان ماون، 150 ساڵە لێرەین و دەیانەوێت زەوییەکانمان زەوت بکەن".

بەشێکی دیکە لە دانیشتووانەکە داوای دەستوەردانی بەپەلەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی ئەو زەوییە بەرفراوانە بەتاڵان نەبرێت. ئەوان داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەت دەکەن پێش هەر بڕیارێکی تەرخانکردن بۆ وەبەرهێنەران و هۆشداری دەدەن لە ئەگەری دروستبوونی رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هۆزەکان و ئەو کەسانەی دەیانەوێت زەوییەکانیان داگیربکەن.

موسلیم سەلمان، هاووڵاتییەک لەمبارەیەوە گوتی: "پێویستە سەرۆکوەزیران ئەم دۆخە یەکلایی بکاتەوە، نابێت بەبێ پێکهێنانی لێژنە زەوی دابەش بکرێت. گەر وەبەرهێنەران بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان هەوڵی داگیرکردنی زەوییەکان بدەن، ئەوا پێکدادانی ناوخۆیی دروست دەبێت".

سەرجەم دانیشتووانەکە داوا لە سەرۆکوەزیران دەکەن بڕیارێک لەبارەی ئەو وەبەرهێنەرانە بدات کە بەمدواییە دەرکەوتوون و جەخت لەسەر پێویستیی پێکهێنانی لێژنەیەک دەکەنەوە بۆ بەدواداچوونی دۆخی ئەو زەوییانە، بەتایبەت کە بەشێکی زۆریان لە تاپۆ تۆمارکراون و زەویی کشتوکاڵین.