ئەمریکا گۆشەگیریی ئابووریی ئێران توندتر دەکات

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا سەرکەوتوو بووە لە سەپاندنی گۆشەگیرییەکی ئابووری و نەوتیی بێوێنە بەسەر تاران. جەختیانکردەوە، هەناردەی نەوتی ئێران کە لە رێگەی دەریا دەگوازرێتەوە، لەم هەفتەیەدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی هەناردەکردنیدا دەگاتە ئاستی "سفر".

شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرایانکرد، واشنتن سەرکەوتوو بووە لە دابینکردن و ئاسانکاری بۆ تێپەڕبوونی نزیکەی 1.1 ملیار بەرمیل نەوت بە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا، بەرامبەر بە پووچەڵکردنەوە و پەکخستنی تەواوەتیی توانای ئێران بۆ تێپەڕاندنی هەر بەرمیلە نەوتێک بەو رێڕەوە ئاوییە گرنگەدا لە ماوەی رابردوودا.

وەزیرەکە جەختیکردەوە، رێکارە توندەکانی ئەمریکا و میکانیزمەکانی بەدواداچوونی کەشتییەکان و سەپاندنی سزاکان، بوونەتە هۆی وشککردنی سەرچاوەکانی گواستنەوەی دەریایی ئێران. ئەو بەرپرسە گوتی: "ئێمە ئێران بە شێوازێکی بێوێنە گۆشەگیر دەکەین و بۆ یەکەمجار لەو کاتەوەی تاران دەستی بە هەناردەکردنی نەوتەکەی کردووە، لەم هەفتەیەدا هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگر نابێت بە دەریاکاندا تێپەڕ ببێت".

ئەم لێدوانانە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی هەڵمەتی "گوشاری توند"ی واشنتن دێت بۆ سەر کەرتی وزەی ئێران و بەدواداچوون بۆ ئەوەی کەشتیگەلی سێبەر ناسراوە، کە تاران بەکاری دەهێنێت بۆ تێپەڕاندنی ئەو سزایە نێودەوڵەتییانەی بەسەر فرۆشی نەوتەکەیدا سەپێندراوە.