میدیای ئێران: دەنگی تەقینەوەیەک لە دوورگەی قشم بیستراوە
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دەنگی تەقینەوەیەک لە نزیک گەرووی هورمز لە دوورگەی قشم لە باشووری ئەو وڵاتە بیستراوە.
شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی مێهر رایگەیاند: "دەنگی تەقینەوەیەک لە نزیک گەرووی هورمز لە دوورگەی قشم لە باشووری وڵاتەکە بیستراوە"، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر خستەڕوو.
لە چەند کاتژمێری رابردوودا، گەرووی هورمز شایەتحاڵی هێرشگەلێک بووە تانکەرەکانی نەوتیان کردووەتە ئامانج.
هاوکات هەر ئەمڕۆ، ئاژانسی هەواڵی ‘فارس’ـی نزیک لە سوپای پاسداران ئامارێکی نوێی لە بارەی هێرشەکانی گەرووی هورمز بۆ کەشتییە بازرگانییەکان بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: پێچەوانەی بانگەشەکانی ترەمپ لەبارەی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزەوە، هێزی دەریایی سوپای پاسداران رۆژانە زیاتر لە کەشتییەکیان بە ئامانج گرتووە.
ئاژانسەکە بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی ماڵپەڕی مێنچ ئۆسێنت چاودێری جووڵەی دەریایی دەکات، تەنیا هەینی 2ـی ئەم مانگە دوو کەشتی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز تەقێندراونەتەوە.
پێشتریش حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران هۆشداریدابوو و گوتبووی: هەر کەشتییەک نیازی تێپەڕبوونی لە گەرووی هورمز هەبێت، سەرکێشی دەکات یان لەلایەنی هێزی دەریایی ئێمەوە دەکرێتە ئامانج، یان بەر مینی دەریایی دەکەوێت.
هەروەها ماڵپەڕی مێنچ ئۆسێنت پاڵپشت بە راپۆرتی دەریایی بەریتانیا رایگەیاندووە،، جیا لەو دوو کەشتییە نەوتهەڵگرەی هەینی 2ـی تشرینی یەکەم لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج، لە چوار رۆژی پێشووتریش دوو کەشتی نەوتهەڵگری کوەیتی و سێ کەشتی نەوتهەڵگری ئیماراتی کراونەتە ئامانج.
لە دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی 2026دا، بۆ سەر تاران و زیاتر لە 100 ناوچەی دیکەی ئێران، کە بەهۆیەوە عەلی خامنەیی دووەم رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ژمارەیەک لە سەرکردەی سیاسی و سەربازی ئەو وڵاتە کوژران، گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بە تەواوی داخرا، بەمەش گورزێکی کاریگەر بەر بازاڕی وزەی جیهانی کەوت، بەو پێیە رۆژانە زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لەم گەروەوە تێدەپەڕی.