40%ـی نەوتی کەنداو بە رێڕەوی جێگرەوەی هورمزدا دەگوازرێتەوە
لە مانگی ئەیلوولدا، 40%ـی نەوتی خاوی ناوچەی کەنداو بەبێ تێپەڕین بە گەرووی هورمز هەناردە کراوە، هاوکات بارکردنی نەوتی خاوی ئێران بەهۆی کاریگەریی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ ئاستی سفر دابەزیوە.
شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، پلاتفۆرمی "شەیپ فایندەر" تۆماری کردووە، 18 کەشتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بوون، ئەمە لە کاتێکدایە "هورمز ستریت مۆنیتۆر" 17 کەشتی و "ویندوار" 16 کەشتییان تۆمارکردووە.
جموجووڵی کەشتییەکان و وزە لە دەوروبەری گەرووی هورمز نیشانەی چاکبوونەوەی جیاواز پیشان دەدەن. لە کاتێکدا هەناردەی نەوتی خاوی کەنداو، بەدەر لە ئێران، گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ، و پاڵاوگە هیندییەکان دەستیان بە کرێگرتنی کەشتییەکان بۆ بارکردن لە ناو کەنداو کردووەتەوە.
جموجووڵی کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا
پلاتفۆرمی "هورمز ستریت مۆنیتۆر" رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 17 کەشتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕبوون، کۆی کێشی بارەکانیان 8.2 ملیۆن تۆن بووە، هاوکات 17 کەشتی دیکە لە تێپەڕبووندان. لە چاودێریکردنی جموجووڵی چوارشەممەی رابردوو، "ویندوار" تۆماری کردووە، 16 کەشتی تێپەڕ بوون، بەراورد بە 17 کەشتی لە پێشتردا، 6 کەشتییان هاتنە ژوورەوە و 10 کەشتییان دەرچوون. لەم جموجووڵەدا 6 کەشتی ئامێری ناسنامەی خۆکاریان کوژاندبووەوە 4 دانەیان دەرچووبوون و سەرجەمیان لە رێڕەوی باشوورەوە تێپەڕیبوون.
سەبارەت بە داتا تەکنیکییەکان، هەمان پلاتفۆرم رایگەیاندووە، 80 کەشتی لە هەمان رۆژدا لە کەنداوی عەرەبی و کەنداوی عومان تووشی شێواندنی سیستەمی دیاریکردنی شوێن (GPS) بوون. ئەمەش بە رێژەی 46% بەراورد بە تێکڕای حەوت رۆژ کەمی کردووە، ئەوەش بووەتە هۆی تۆمارکردنی 79 حاڵەت تێیدا داتاکان کەشتییەکان بە نزیکی یەکتر نیشان دەدەن بە پێچەوانەی واقیعەوە.
لەلایەکی دیکەوە، "شەیپ فایندەر" چوارشەممە 18 تێپەڕبوونی تۆمار کردووە، کە 7 کەشتی هاتنە ژوورەوە و 11 کەشتی دەرچوون، لە کاتێکدا لووتکەی مانگانە 30 کەشتی بووە. کەشتیی کەرتی کیمیایی و بەرهەمە نەوتییەکان و کەشتییە گشتییەکان باڵادەست بوون. داتاکانی "شەیپ فایندەر" دەریدەخەن ژمارەی کەشتییەکان لە ناو کەنداوی عەرەبی بە رێژەی 15% کەمی کردووە، لە لووتکەی 4538 کەشتی لە 19ـی ئەیلول بۆ 3857 کەشتی لە 30ـی ئەیلول. هەروەها ژمارەی کەشتییەکان بۆ 117 کەشتی دابەزیوە و ژمارەی کەشتییە چالاکەکانی غازی سروشتی شلکراو تەنیا 5 کەشتی بووە.
40%ـی هەناردەی نەوتی خاوی کەنداو بەبێ تێپەڕین بە هورمز دەردەچێت
هەناردەی نەوتی خاو لە ناوچەی کەنداو، بەدەر لە ئێران، لە مانگی ئەیلوولدا بۆ ئاستی پێش جەنگ گەڕاوەتەوە. بەپێی راپۆرتێکی نوێی "کێپلەر"، لە نێوان 1 بۆ 28ـی ئەیلولدا رۆژانە 16.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە، کە دەکاتە 10.5 ملیۆن بەرمیل زیادبوون بەراورد بە تێکڕای مانگی ئازار.
رێڕەوەکانی هەناردەکردن گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتووە. پێش جەنگ 83%ـی نەوتی خاوی ناوچەکە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕی، بەڵام لە مانگی ئەیلوولدا 40%ـی هەناردەکان بەبێ تێپەڕین بەو گەرووەدا رۆیشتوون. "کێپلەر" روونیکردەوە، 60%ـی نەوتەکە بە گەرووەکەدا تێپەڕیوە، کە دەکاتە رۆژانە 9.9 ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا 23%ـی لە دەرەوەی گەرووەکە لە کەناراوەکانی کەنداوی عومان بار کراوە و 17%ـیشی بە دەریای سووردا دەرچووە. هۆماین فەلەکشاهی، بەڕێوەبەری بەشی شیکاری بازاڕەکانی نەوت لە "کێپلەر" بە "شەرقول ئەوسەت بلومبێرگ"ـی گوت: "سعوودیە بەرزترین ئاستی هەناردەی نەوتی خاوی لە ناوچەکە تۆمار کردووە بە بڕی 6.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەگەر بارهەڵگرەکانی دەریای سووریش هەژمار بکرێن".
بەپێی راپۆرتەکە، هەناردەی ئیمارات رۆژانە 3.2 ملیۆن بەرمیل و عێراق 2.6 ملیۆن بەرمیل بووە. هەروەها 3.4 ملیۆن بەرمیلی دیکە رۆژانە بەبێ دیاریکردنی وڵاتی سەرچاوە هەناردە کراوە، کە زۆربەیان ئەو بڕانە بوون لە ناو کەنداوی عومان لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە گواستراونەتەوە. داتاکانی "کێپلەر" نیشانی دەدەن زیاتر لە 70%ـی ئەو نەوتەی لە مانگی ئابدا بە هورمزدا تێپەڕیوە، لە کەناراوەکانی فوجەیرە یان سوهار بۆ کەشتی دیکە گواستراوەتەوە.
سەبارەت بە خواست، ئاسیا لە مانگی ئابدا 84%ـی نەوتی ناوچەکەی بۆ خۆی بردووە، بەراورد بە 87% پێش جەنگ، لە کاتێکدا میسڕ، ئەوروپا و ناوچەی دەریای ناوەڕاست پشکی خۆیان بۆ 16% نزیکەی دوو هێندە زیاد کردووە.
هاوردەی نەوتی خاوی هیندستانیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئاستی پێش جەنگ گەڕاوەتەوە، کە رۆژانە نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیلە.
پاڵاوگە هیندییەکان کەشتی بۆ تێپەڕبوون بە هورمز بە کرێ دەگرن
لەسایەی چاکبوونەوەی هێدیهێدیی جموجووڵی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، پاڵاوگە هیندییەکان دەستیان بە کرێگرتنی کەشتییەکان کردووە بۆ تێپەڕبوون بە گەرووەکە و بارکردنی نەوت لە ناو کەنداوی عەرەبی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچوونەکان.
بەپێی ئەو سەرچاوانەی ئاگادارن و نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، کۆمپانیاکانی "سینۆکۆر گروپ" و "دایناکۆم تانگەرز مانجمنت" براوەی تەنزیمی گواستنەوە بوون. پاڵاوگە هیندییەکان لە هەفتەکانی رابردوودا نەوتی عێراقییان بە شێوازی رادەستکردن لەسەر کەشتی کڕیوە، ئەمەش وای لێکردوون خۆیان بەرپرسیار بن لە رێکخستنی کەشتییەکان بۆ بارکردن و گواستنەوە بۆ شوێنی مەبەست. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" داشکاندن بۆ بەرمیلێک نەوت تا 37 دۆلار پێشکەش دەکات.
بارکردنی نەوتی خاوی ئێران بۆ سفر دابەزیوە
سەرەڕای چاکبوونەوەی جموجووڵی نەوت لە هورمز، بەڵام ئەمە نەوتی ئێرانی نەگرتووەتەوە. بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی "بلومبێرگ" کە پشتی بە داتاکانی "کێپلەر" و "فۆرتێکسە" بەستووە، ئێران لە مانگی ئەیلوولدا هیچ بارهەڵگرێکی نەوتی خاوی لەسەر کەشتییەکان بار نەکردووە، بەراورد بە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل لە مانگی ئابدا، کە ئەمە یەکەمجارە لە سەرەتای جەنگی مانگی شوباتەوە روو دەدات.
ئەم دابەزینە کاریگەریی گەمارۆی دەریایی ئەمریکایە لەسەر هەناردەی تاران. داتاکانی بارکردن کە پشتی بە وێنەی مانگە دەستکردەکان بەستووە سەرەتایین، چونکە کەشتییە ئێرانییەکان زۆرجار تا دوو هەفتە دوای جێهێشتنی ئاوی ئێران، شوێنی خۆیان ئاشکرا ناکەن.