تاران بۆ دەستپێکردنەوەی پشکنینە ئەتۆمییەکان مەرجێکی نوێ دادەنێت
ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، مەرجێکی نوێی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی کاری پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی خستووەتەڕوو.
شەممە 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەحید ئەحمەدی، ئەندامی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، روونیکردەوە، دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان تەنیا لە دوای دەرکردنی بەیاننامەیەکی فەرمیی ئاژانسەکە دەبێت، تیایدا دڵنیایی بدات لە پاراستنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و زانایانی ئێران.
وەحید ئەحمەدی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی تەلەفزیۆنی SNN گوتی: "بەپێی پەیڕەوی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، پێویستە هەموو ناوەندە ئەتۆمییەکانی سەر بە وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتنی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی پارێزراو بن و نابێت رووبەڕووی هیچ هێرشێک ببنەوە."
ئەوەشی خستەڕوو دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەو ئاژانسە نێودەوڵەتییە بە تەواوی هەڵپەساردووە. ئەو پەرلەمانتارە سەبارەت بەو پرسە گوتی: "هەموو جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی راگیراوە. ئەم هەڵپەساردنە پشکنینەکان و هەموو جۆرەکانی دیکەی مامەڵەکردنیش دەگرێتەوە."
بە گوتەی وەحید ئەحمەدی، تاران تەنیا لە دوای جێبەجێکردنی ئەو مەرجە روونە دەگەڕێتەوە بۆ کاری هاوبەش لەگەڵ ئاژانسەکەدا.
لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان و هاوکاری لەگەڵ ئاژانسەکە تەنیا کاتێک دەبێت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە فەرمی رایدەگەیەنێت مەرجە پێویستەکانی بۆ ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و سەلامەتیی زانایانی ئەتۆمی لە ئێران دابین کردووە."