کتێبی "گێڕانەوەی پاشنوێخوازی" بڵاودەبێتەوە
باهۆز مستەفا، نووسەر تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: کتێبی "گێڕانەوەی پاشنوێخوازی لە رۆمانی کوردیدا" لە سێ بەش و 344 لاپەڕە پێکهاتووە و لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر لەلایەن دەزگای فامەوە دەخرێتە بەردەستی خوێنەران.
دوو بەشی یەکەمی کتێبەکە تایبەتە بە لایەنی تیۆری، وەک پێناسەکردن و مێژووی سەرهەڵدانی پاشنوێخوازی، لەگەڵ ناساندنی بیرمەندانی ئەم بوارە و کاریگەرییەکانیان. بەشی سێیەمیش تەرخان کراوە بۆ شیکارکردنی چەند نموونەیەکی ڕۆمانی کوردی بەو پێوەرانە.
مستەفا دەربارەی ناوەڕۆکی بەرهەمەکەی گوتی: "لەو توێژینەوەیەدا، بە شێوەیەکی کراوە سوودمان لە چەمک و گێڕانەوەناسیی چەند بیرمەندێکی پاشنوێخوازی وەرگرتووە، کە کاریگەریی فەلسەفی و تەکنیکییان لەسەر گێڕانەوەی پاشنوێخوازی هەبووە، هەروەها لەسەر چەند نموونەیەکی ڕۆمانی کوردی پراکتیکمان کردووە".
سەبارەت بە شێوازی ئەدەبیی پاشنوێخوازی، نووسەر روونیکردەوە، ئەم ژانرە وەک یەکێک لە دیارترین کارە هونەرییەکانی نیوەی دووەمی سەدەی 20 و سەدەی 21، تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی نوێخوازیی پێش خۆی رەت دەکاتەوە یان لێی هەڵدەگەڕێتەوە. ئەو پێیوایە ئەم جۆرە رۆمانە تەنیا شێوازێکی نووسین نییە، بەڵکو رەنگدانەوەیەکی قووڵی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، فەلسەفی، سیاسی و تەکنۆلۆژییەکانی سەردەمەکەی خۆیەتی.
باهۆز مستەفا تا ئێستا 15 کتێبی دیکەی لە بوارەکانی ڕۆمان، چیرۆک، شیعر، لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان چاپ و بڵاوکردووەتەوە.