تاران تێبینییەکانی واشنتن لەسەر پلانی ئاشتی تاوتوێ دەکات

 یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەرقاڵی تاوتوێکردنی تێبینییەکانی ئەمریکایە لەسەر ئەو پێشنیارەی بە "پلانی حەوت رۆژە" ناسراوە. ئەم هەنگاوە ئاماژەیەکی نوێیە بۆ بەردەوامیی پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتن، هەرچەندە هێشتا جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان هەردوولادا ماوەتەوە.

یەکشەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، کازم غەریب ئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "پێشنیارەکە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە رەوانەی ئەمریکا کراوە و لایەنی ئەمریکیش تێبینییەکانی خۆی لەسەر پلانەکە پێشکەش کردووە".

غەریب ئابادی ئاشکرایکرد، تێبینییەکانی ئەمریکا ئێستا لە رێگەی کەناڵە ناوخۆییەکانی ئێرانەوە لەژێر تاوتوێکردندان. بڕیارە دوای تەواوبوونی پێداچوونەوەکان، هەڵوێستی کۆتایی تاران لە رێگەی کەناڵە گونجاوەکانەوە رابگەیێندرێت. هاوکات، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، ئێران ئامادەیی خۆی بۆ سیناریۆی دیکە پاراستووە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەبارەی سروشتی ئەو سیناریۆیانە نەخستەڕوو.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆتایی ئەیلولی رابردوودا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، نەخشەڕێگایەکی حەوت رۆژەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و کردنەوەی گەرووی هورمز و پاشان گواستنەوە بۆ دانوستانێکی فراوانتر لەگەڵ واشنتن پێشنیار کردبوو. بەگوێرەی ئەو پلانە، هەرکاتێک ئەمریکا رازی بوو ماوەکە دەستپێدەکات و واشنتن دەبێت زنجیرەیەک هەنگاو لە ماوەی چوار یان پێنج رۆژی یەکەمدا جێبەجێ بکات، پێش ئەوەی لە شەشەم رۆژدا گەرووی هورمز بکرێتەوە و لە حەوتەم رۆژدا دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی دەستپێبکەن.

داواکارییەکانی ئێران بریتین لە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران، سووککردنی سزاکان لەسەر هەناردەکردنی نەوت، ئازادکردنی سەرمایە بەستەڵەککراوەکانی تاران، لەگەڵ راگرتنی کردە سەربازییەکان کە گۆڕەپانە هەرێمییەکانیش دەگرێتەوە. لەبەرامبەردا، تاران گەرووی هورمز دەکاتەوە و دەچێتە ناو دانوستانێکی فراوانترەوە کە فایلەکانی دیکە لەنێویاندا بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران تاوتوێ دەکرێن.

پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لەکاتی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا چڕتر بوونەوە، کاتێک قەتەر رۆڵی نێوەندگیری لە گواستنەوەی نامە و پێشنیارەکاندا گێڕا. عێراقچی لەو کاتەدا رایگەیاندبوو، دانوستانەکان جددیتر بوونەتەوە، بەڵام جەختیکردەوە هیچ گۆڕانکارییەک لە مەرجەکانی تاران بۆ کردنەوەی گەرووەکە رووی نەداوە. لە پێشهاتێکی دیکەدا، ئاژانسی ئەسۆشێتید پرێس بڵاویکردەوە، تاران وەڵامێکی فەرمیی ئەمریکای لەسەر پێشنیارەکەی وەرگرتووە، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی ئاشکرا بکات، لەکاتێکدا نێوەندگیرەکان بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان هەردوولا.

خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکییەکان لەسەر رێزبەندیی هەنگاوەکانی رێککەوتنەکەیە. لەکاتێکدا ئێران جەخت لەسەر جێبەجێکردنی قۆناخ بە قۆناخ دەکاتەوە کە بە هەنگاوەکانی ئەمریکا دەستپێدەکات و پاشان کردنەوەی گەرووی هورمز، واشنتن هەوڵ بۆ رێککەوتنێکی فراوانتر دەدات کە کێشە هەڵپەسێردراوەکان، لە سەرووی هەموویانەوە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، چارەسەر بکات. راگەیاندنی تاران لەسەر تاوتوێکردنی تێبینییەکانی ئەمریکا بەو مانایەیە رێڕەوی دیپلۆماسی هێشتا کراوەیە، بەبێ ئەوەی تا ئێستا ئاماژەیەک بێت بۆ قبووڵکردنی وەڵامەکە یان نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە رێککەوتن، بەتایبەتی لەگەڵ جەختکردنەوەی بەرپرسانی ئێران لەسەر بەردەوامیی ئامادەکاری بۆ بژاردەی دیکە.