بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەت ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی دهۆک بەڕێوەدەچێت
ئێوارەی ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچووانی خولی نوێی زانکۆی دهۆک بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا سێ هەزار و 98 خوێندکار لە 20 کۆلێژی جیاوازی زانکۆکە بڕوانامەی دەرچوون بەدەستدەهێنن.
کاتژمێر 5:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە بەشداریی مامۆستایان، کەسایەتییە ئەکادیمییەکان و کەسوکاری خوێندکاران، رێوڕەسمی گەورەی دەرچووانی زانکۆی دهۆک ساز دەکرێت.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی زانکۆی دهۆک، لەم خولەدا 3 هەزار و 98 خوێندکار لە 20 کۆلێژی زانستی، پزیشکی و مرۆڤایەتی خوێندنیان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە و بڕوانامەی زانکۆییان پێدەبەخشرێت.
لە رووی دابەشبوونی دەرچووانەوە بەسەر کۆلێژەکاندا، زۆرترین ژمارەی دەرچووان بەر کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت کەوتووە بە 572 دەرچوو، بەدوای ئەویشدا کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ بە 430 دەرچوو، و کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان بە 316 دەرچوو دێن. هاوکات لە کۆلێژە پزیشکییەکاندا، 117 پزیشک لە کۆلێژی پزیشکیی گشتی، 137 لە پزیشکیی ددان، 76 لە دەرمانسازی، 83 لە پەرستاری، 45 لە زانستە تەندروستییەکان و 49 لە پزیشکیی ڤێتێرنەری بڕوانامەیان بەدەستهێناوە.
هەروەها 231 خوێندکار لە کۆلێژی زانست، 211 لە زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکان، 200 لە کارگێڕی و ئابووری، 178 لە ئەندازیاری، 131 لە زمانان، 92 لە یاسا و زانستە رامیارییەکان، 91 لە زانستە سیاسییەکان، 65 لە پەروەردەی بنەڕەتی ئامێدی، 46 لە پەروەردەی جەستەیی و وەرزش، و 10 خوێندکاریش لە کۆلێژی پلاندانانی شوێن بڕوانامەی دەرچوونیان پێدەبەخشرێت.