سەرۆکی کۆریای باشوور: گزی بە ژیریی دەستکرد تاوانی یاساییە
حکوومەتی کۆریای باشوور بڕی 75 هەزار دۆلار وەک پاداشت دەداتە هەر کەسێک گزیی قوتابییان بە ژیریی دەستکرد ئاشکرا بکات و چاودێریی ناوەندەکانی تاقیکردنەوە توندتر دەکات.
حکوومەتی کۆریای باشوور لە چوارچێوەی پاراستنی دادپەروەریی پەروەردەیی و رێگریکردن لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ فێڵکردن، بڕیاری دا تا بڕی 75 هەزار دۆلاری ئەمریکی وەک پاداشت ببەخشێتە هەر کەسێک زانیاری لەبارەی گزیی قوتابییان لە تاقیکردنەوەکاندا لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە ئاشکرا بکات.
بەپێی رێوشوێنە نوێیەکان، دەسەڵاتداران چاودێریی ناوەندەکانی تاقیکردنەوەیان توندتر کردووە، لەوانەش پشکنینی چاویلکە و ئامێرە ئەلیکترۆنییە بچووکەکان، هەروەها سنووردارکردنی پەیوەندیی ئینتەرنێت لە دەوروبەری هەندێک لە ناوەندەکانی تاقیکردنەوەدا.
لەم بارەیەوە لی جەی میۆنگ، سەرۆککۆماری کۆریای باشوور، جەختی کردەوە، ساختەکاری بە یارمەتیی ژیریی دەستکرد تەنیا پێشێلکردنێکی پەروەردەیی نییە، بەڵکوو دەکرێت تاوانێکی یاسایی بێت.
رۆژی پێنجشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2026، تاقیکردنەوەی نیشتمانیی وەرگرتنی زانکۆ (سونونگ) لە 1,312 ناوەنددا بە بەشداریی زیاتر لە 550 هەزار قوتابی ئەنجام درا.
وەزارەتی پەروەردەی ئەو وڵاتە ئاشکرای کرد، 98 سەرپێچی لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا تۆمار کراون، کە پێنج رووداویان بەکارهێنانی ئامێری زیرەک بوون وەک چاویلکەی زیرەک، کامێرای شاراوە و بیستۆکی بێوایەر، هاوکات 44 قوتابیش بە مۆبایل و ئامێری قەدەخەکراوەوە دەستگیر کران دوای ئەوەی دەسەڵاتداران لە کاتی تاقیکردنەوەکەدا زەنگی ئاگادارکردنەوەی بەپەلەیان بۆ مۆبایلەکان نارد و چاودێریی سیگناڵی وایفایان کرد.
تاقیکردنەوەی وەرگرتنی زانکۆ لە کۆریای باشوور (ناسراو بە سونونگ) بە یەکێک لە گرنگترین و قورسترین تاقیکردنەوەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت و ماوەی نۆ کاتژمێر دەخایەنێت، بە جۆرێک رۆژی تاقیکردنەوەکە هاتوچۆ و گەشتە ئاسمانییەکان لە کاتی بەشی گوێگرتنی زمانی ئینگلیزیدا رادەگیرێن.
پێشتریش، رۆژی یەکشەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2026، هان وۆن سیۆک، یەکەمی تاقیکردنەوەی نیشتمانیی ژمێریاریی باج (کە لە 160 پرسیار تەنیا یەک هەڵەی هەبوو)، دانی بەوەدا نا بە کامێرایەکی زۆر بچووک وێنەی پرسیارەکانی گرتووە و لە رێگەی ژیریی دەستکرد و مۆبایلەوە وەڵامەکانی دەستکەوتووە.
لە رووداوێکی دیکەشدا، قوتابییەکی تەمەن 32 ساڵ کە گومانی گزی بە ژیریی دەستکردی لێ کرابوو لە تاقیکردنەوەی یاسادا، رۆژی 19ی تشرینی دووەم دوای ئەوەی نەچووە تاقیکردنەوەی زیندووی سەلماندن، بە مردوویی لە هۆتێلێکی سیئۆل دۆزرایەوە.