بەدواداچوونی نوێی کوردستان24؛ بارهەڵگرەکان داریان لە تورکیاوە هێناوەتە کوردستان

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دهۆک رەتیدەکاتەوە بارهەڵگرەکان داری هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا بگوازنەوە و جەخت دەکاتەوە، بارهەڵگرەکان دار لە تورکیاوە دەهێننە ناوخۆی هەرێمی کوردستان. هاوکات بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانەی تورکیا ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە لەبارەی بڕینەوەی دارەکانەوە بڵاوکراونەتەوە.

بەها سالم عەلی، بەرپرسی هۆبەی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی دهۆک، بـــــە کوردستان24ـی راگەیاند، ماوەیەکە چاودێریی ئەو بارهەڵگرانە دەکەن، بەتایبەتی بنکەی کانی ماسێ چەند جارێک بارهەڵگرەکانی راگرتووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردوون.

بەرپرسی هۆبەی راگەیاندن ئاماژەی بەوە دا، بۆیان دەرکەوتووە ئەو بارهەڵگرانە بە بەتاڵی لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە تورکیا و لەوێوە دار دەهێننە ناوخۆی هەرێمی کوردستان. هەروەها جەختی کردەوە، ئەو بارهەڵگرانە بە هیچ شێوەیەک دار لە هەرێمی کوردستانەوە نابەنە تورکیا، بەڵکوو بەپێچەوانەوە دار لە تورکیاوە دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان گوتوویەتی "دارەکانمان کڕیوە"، لە بەدواداچوونێکی کوردستان24دا دەرکەوتووە، کونسوڵی تورکیا لەم ماوەیەدا بە هیچ شێوەیەک لێدوانی لەو جۆرەی نەداوە و قسەی وای نەکردووە.

لە لایەکی دیکەوە، دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە گوایە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاندووە سوپای تورکیا بە ئاگاداریی ئەوان هەندێک لە دارەکانی بڕیوەتەوە. لەم بارەیەوە سەفین دزەیی بۆ کوردستان24 قسەی کرد و گوتی، ئەم هەواڵە بە هیچ شێوەیەک راست نییە، بەڵکوو چەند لاپەڕەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێدوانێکی ساڵی 2021یان هێناوە و نوێیان کردووەتەوە.

سەفین دزەیی روونیکردەوە، ئەو کاتە رووداوی داربڕینەوە هەبوو، هەڵوێستیان هەبوو و بە تورکیایان راگەیاند نابێت ئەمە بکرێت، دواتریش تورکیا پرۆسەکەی راگرت، بۆیە ئەو قسانە بۆ ساڵی 2021 دەگەڕێنەوە نەک ئێستا. باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەک قسەی بۆ هیچ میدیایەک لەو بارەیەوە نەکردووە.