پزیشکیان: دانوستان لەگەڵ دوژمنێک رۆژانە هەڕەشە دەکات و پەیمانشکێنە هیچ مانایەکی نییە
سەرککۆماری ئێران رایگەیاند، دانوستان لەگەڵ لایەنێک رۆژانە سزای بەسەردا دەسەپێنێت، هەڕەشە دەکات و بەڵێنەکانی دەشکێنێت، بێمانایە و گەلی ئێران رێگەیەکی لەو شێوەیە قبووڵ ناکات.
دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرککۆماری ئێران روونیکردەوە، کێشەی سەرەکییان لەگەڵ ئەمریکا ئەوەیە کە هەرکاتێک دەچنە سەر مێزی دانوستان، دەستبەجێ جەنگیان بەسەردا دەسەپێنرێت. رایگەیاند، تاوەکو ئێستا سێ جار دوای گفتوگۆ هێرشیان کراوەتە سەر، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەوان بە دوای دانوستانەوە نین، بەڵکو ئامانجیان رووخاندنی سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی، پزیشکیان جەختی کردەوە، تاران بەردەوام نییەتباشی و راستگۆیی خۆی سەلماندووە و زۆرترین چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەسەر وڵاتەکەی بووە، بەڵام ئەمریکا بە بیانووی ناڕاست گوشارەکان بەردەوام پێ دەکات. گوتیشی: لە نەتەوە یەکگرتووەکان رامانگەیاند کە ئامادەی گفتوگۆ و پشکنینین، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەرکاتێک پشکنەرەکان هاتوونەتە ئێران، ناوەندە ئەتۆمییەکان و زاناکانمان دەستنیشان کراون و دواتر ئەو ناوەندانە بۆردومان کراون یان زاناکانمان تیرۆر کراون. هاوکات پزیشکیان رەخنەی توندی لە دروشمەکانی مافی مرۆڤی رۆژئاوا گرت و باسی لە شەهیدکردنی 168 منداڵی ناوچەی میناب کرد.
پزیشکیان باسی لەوەش کرد، گەلی ئێران بە پتەوی راوەستاوە و بە هەبوونی دراوسێی باش و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان، سەرجەم فشارەکان پووچەڵ دەکەنەوە. هەروەها داوایکرد، پەیوەندییەکانی تاران و یەریڤان لە بوارەکانی بازرگانی، زانست، کولتوور و تەکنەلۆژیادا زیاتر پەرەی پێ بدرێت.