چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی کۆبووەوە
ئێوارەی دووشەممە، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی خولیی خۆی سازکرد، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا پەسەندکردنی بودجەی دارایی ساڵانە و تەواوکردنی کابینەی حکوومەت تاوتوێ نەکرا. ئەم دۆخە لەکاتێکدایە زیاتر لە 6 مانگ بەسەر راسپاردنی حکوومەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تێپەڕدەبێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، 298ـەمین کۆبوونەوەی خولیی خۆیان لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساسی نیشتمانی سازکردووە. کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی نیشتمانی بەڕێوەچوو کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە دۆخی گوزەران و خزمەتگوزاریی هاووڵاتییانەوە هەیە.
لە کۆبوونەوەکەدا فالح فەیاز، وەزیری دارایی بانگهێشتکراوە و پلانی خزمەتگوزاریی حکوومەت و کاروباری دارایی و ئابووریی وڵات تاوتوێکراون. ئامادەبووان تیشکیان خستە سەر دۆسیە ئابووری و داراییە لەپێشینەکان و جەختیان لە گرتنەبەری سیاسەتی نەختینەیی و گەشەپێدان کردەوە، کە پاڵپشتیی سەقامگیریی ئابووری دەکات و بەشدارە لە بەرزکردنەوەی ئاستی گوزەرانی تاک و باشترکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان.
راگەیەندراوەکە روونیکردەوە، کۆبوونەوەکە گۆڕانکارییەکانی دۆخی ناوچەکە و جیهانی تاوتوێکردووە. چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لە گرنگیی پاراستنی سەقامگیریی عێراق و بەرژەوەندییە باڵاکانی لە نێوان ئەو ئاستەنگانەی دەوریان داوە، کردەوە.