نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی جەژنی جەما لە ئێزدییەکان دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی جەمایێ پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتییانی ئێزدی لە کوردستان، عێراق و سەرتاسەری جیهان کرد و هیوای خواست جەژنێکی ئارام و پڕ لە ئاسوودەیی بەسەر ببەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا جەختی کردەوە، هیوادارە هەموو جەژن و بۆنە داهاتووەکان بە خۆشی و شادی بۆ هەموو لایەک بگەڕێنەوە.

هاوکات نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دا بە سەرجەم هاووڵاتییانی ئێزدی و تەواوی پێکهاتەکانی دیکەی کوردستان کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە پشتیوان و پارێزەری ماف و داخوازییەکانیان دەبێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان بۆ هەمیشە وەک لانکە و وڵاتی پێکەوەژیانی ئاشتیانە بۆ سەرجەم پێکهاتەکان دەمێنێتەوە.