ترەمپ رەزامەندیی لەسەر لەسێدارەدانی نیدال حەسەن دا

نیدال حەسەن
نیدال حەسەن

 سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندیی لەسەر لەسێدارەدانی پزیشکێکی پێشووی سوپای ئەمریکا لە رێگەی گولـلەبارانکردنەوە دا. 

وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە راگەیەنراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، ئاماژەی بەوە داوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رەزامەندیی دەربڕی سزای لەسێدارەدان بە گوللـە بەسەر نیدال حەسەندا جێبەجێ بکرێت کە پزیشکێکی دەروونیی سوپای ئەمریکا بوو.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، ساڵی 2013 دادگایەکی سەربازی سزای لەسێدارەدانی بەسەر نیدال حەسەندا سەپاند. هۆکارەکەشی بۆ هێرشەکەی سەر بنکەی "فۆرت هۆد" لە ویلایەتی تێکساس دەگەڕێتەوە، کە تێیدا 13 کەس کوژران و 30 کەسی دیکەش بریندار بوون.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، لە داهاتوودا کات و شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە بەسەر ئەو تاوانبارەدا دیاری دەکرێت.

لە کاتی دادگاییکردنەکەیدا لە ساڵی 2013دا، نیدال حەسەن خۆی بەرگریی لە خۆی کرد و هیچ شایەتحاڵێکی بانگ نەکرد. هێرشەکەشی بۆ دژایەتیکردنی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان و پەیوەندییەکانی بە ئەنوەر عەولەقی، سەرکردەی رێکخراوی قاعیدە، گەڕاندەوە.

رووداوی تەقەکردنەکەی فۆرت هۆد لە 5ـی تشرینی دووەمی 2009 رووی دا و بە یەکێک لە گەورەترین هێرشە ناوخۆییەکان بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە مێژووی ئەمریکادا دادەنرێت. نیدال حەسەن پلەی مێجەری لە سوپای ئەمریکا هەبوو و وەک پزیشکی دەروونی کار دەکرد.

 لە کاتی هێرشەکەدا لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێ کرا و بەهۆیەوە نیوەی خوارەوەی جەستەی ئیفلیج بوو. لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت پێشتر لە رێگەی ئیمەیڵەوە پەیوەندیی بە ئەنوەر عەولەقی، بانگخواز و سەرکردەی باڵای قاعیدە لە یەمەن هەبووە. عەولەقی دواتر لە ساڵی 2011 لە رێگەی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکاوە کوژرا.

لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئەمریکا بۆ ماوەی چەندین دەیە سزای لەسێدارەدانی جێبەجێ نەکردووە. دوایین پرۆسەی لەسێدارەدانی سەربازی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1961، کاتێک سەربازێکی ئەمریکی بە تاوانی دەستدرێژی و کوشتن لەسێدارە درا. جێبەجێکردنی ئەم سزایە بۆ نیدال حەسەن پێویستی بە واژۆی راستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا هەبوو، ئەمەش بەپێی یاسا سەربازییەکانی ئەو وڵاتە.