دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان مۆڵەتی کارکردنی کۆڕەکی مانگێکی دیکە درێژ کردەوە
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لەسەر داوای پەرلەمان، بڕیاری دا وادەی کارکردنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بۆ ماوەی مانگێکی دیکە و تاوەکو یەکی تشرینی دووەم درێژبکاتەوە، بە مەبەستی پێدانی دەرفەت بە هاوبەشانی ئەو هێڵە بۆ پاراستنی هەژمارە بانکی و دیجیتاڵییەکانیان.
سێشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد؛ وەڵامدانەوە بۆ داواکاریی فەرمیی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وادەی کۆتایی بەکارهێنانی سیمکارتەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم تاوەکو 1ـی تشرینی دووەمی 2026 درێژکردەوە.
دەستەکە روونی کردووەتەوە، ئامانج لەم درێژکردنەوەیە، رەچاوکردنی بارودۆخی بەشداربووانە تاوەکو کاتی پێویستیان لەبەردەستدا بێت بۆ رێکخستنەوە و گواستنەوەی سەرجەم ئەو هەژمارە بانکی، خزمەتگوزارییە دیجیتاڵی و ئەپلیکەیشنانەی کە پەیوەستن بە ژمارە مۆبایلەکانی ئەو کۆمپانیایەوە، بۆ ئەوەی دوای راگرتنی یەکجارەکیی بەدالەکان تووشی زیانی دارایی و تەکنیکی نەبن.
پێشتر دەستەی راگەیاندن و گەیاندن کۆتایی مانگی ئەیلوولی وەک دوا مۆڵەت بۆ راگرتنی پەیوەندییەکانی کۆڕەک دیاریکردبوو، بەڵام ئەم بڕیارە نیگەرانیی لای بەشداربووان لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دروست کردبوو.