ترەمپ: کەس نازانێت کێ ئێران بەڕێوەدەبات
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەورەترین گرفتی واشنتن لە پەیوەندی بە ئێرانەوە نەبوونی زانیاری و تێگەیشتنە سەبارەت بەو کەسەی ئێستا وڵاتەکە بەڕێوەدەبات. هاوکات جەختیکردەوە کە گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزی دەریایی ئەمریکادایە و واشنتن رێگری لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا لەبارەی دۆخی ناوخۆی ئێران و نەبوونی سەرکردایەتییەکی روون گوتی: "گرووپی دووەمی سەرکردەکانیان رۆیشتوون و گەورەترین کێشەش ئەوەیە کەس نازانێت کێ وڵاتەکە بەڕێوەدەبات".
سەبارەت بە دۆخی ئابووری و کەرتی نەوتی تاران، ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەمریکا هیچ پێویستییەکی بە نەوتی ئێران نییە، ئاماژەی بەوەشدا کە وەزیری نەوتی ئێران پۆستەکەی بەجێهێشتووە و رایگەیاند: "هیچ ئابوورییەک و نەوتێک و شتێکیان نەماوە"، هەروەھا پێشبینی کرد بە کۆتاییهاتنی جەنگی ئێران، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا داببەزێت.
لە کێبڕکێی جیۆپۆلەتیکی و کۆنترۆڵکردنی رێڕەوە ئاوییەکاندا، سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو کە گەرووی هورمز ئێستا بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی هێزی دەریایی ئەمریکادایە. ترەمپ گوتی: "بە دەربڕینێکی دیکە، گەرووی هورمز سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکا و ویلایەتە یەکگرتووەکانە، ئەوە واقعییەتی ئێستایە". ناوبراو ئەوەشی روونکردەوە کە ئەوان ئاسایشی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتانە دابین دەکەن کە پێویستیان بە نەوتی ئێران هەیە.
لە پرسی دۆسیەی ئەتۆمیدا، ترەمپ سووربوونی واشنتنی بۆ رێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە دووپاتکردەوە و دڵنیایی دا کە ئەو ئەرکە لە رووی کردەیییەوە جێبەجێ کراوە و رایگەیاند: ئەمە هەرگیز روونادات و بە یەکجاری کۆتایی هاتووە.
لە لایەکی دیکەوە، بەگوێرەی راپۆرتە شیکارییەکان، سیستەمی بڕیاردان لە ئێران بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بە کۆمەڵێک قۆناخی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت. پرۆسەکە لە لیژنەیەکی شەش کەسی لە ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە دەستپێدەکات و بە دامەزراوە سیاسی، ئەمنی و سەربازییەکاندا تێدەپەڕێت، تاوەکو لە پرسە هەستیار و ستراتیژییەکاندا دەگاتە بڕیاری کۆتایی موجتەبا خامنەیی وەک رێبەری ئێران کە دەسەڵاتی رههای هەیە.
سەرەڕای ئەوەی ئەندامێتی ئەو لیژنە شەش کەسییە بەفەرمی رانەگەیەندراوە، بەڵام گێڕانەوە نافەرمییەکان باس لە ناوگەلێکی دیاریکراو دەکەن. هاوکات پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی لە نیویۆرک مشتومڕێکی گەورەی سیاسیی لێکەوتەوە و گەیشتە ئاستی تۆمارکردنی سکاڵا بۆ لێپرسینەوە لێی لە پەرلەمانی ئێران.
چاودێران پێیان وایە لیژنە شەش کەسیەکە رەنگە تەنها بۆ داڕشتنی بژاردەکان و گفتوگۆکردن بێت، بەڵام بڕیاری سیاسیی باڵا پەیوەستە بە رەزامەندیی رێبەرەوە؛ ئەم رۆڵەشی لە سایەی گۆڕانکارییەکانی پاش گواستنەوەی دەسەڵات بۆ موجتەبا خامنەیی گرنگییەکی زیاتری پەیدا کردووە سەبارەت بەوەی ئایا بڕیارە گەورەکان لە دامەزراوە نەریتییەکان دەدرێن، یان لە رێگەی بازنەیەکی سەرکردایەتیی سنووردارەوە کە هاوئاهەنگن لەگەڵ رێبەردا.