وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پێنج سەرۆک شارەوانی لە پۆستەکانیان دووردەخاتەوە

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە بڕیارێکی لەناکاو و لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان، پێنج سەرۆک شارەوانی و بەرپرسی خۆجێیی ئۆپۆزیسیۆنی لە ئەرکەکانیان دوورخستەوە، کە سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێرسین و دوو بەرپرسی شارەوانییەکانی ئیستانبوڵیشییان تێدایە.

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاشکرای کرد، وەک رێکارێکی کارگێڕیی خۆپارێزی و بەپێی ماددەی 127ـی دەستووری تورکیا و ماددەی 47ی یاسای شارەوانییەکان، بڕیاری دوورخستنەوەی کاتیی پێنج سەرۆک شارەوانی و بەرپرسی باڵای خۆجێیی لە پۆستەکانیان دراوە.

بەپێی بڕیارەکە، بەرپرسە دوورخراوەکان بریتین لە:

1. وەهاب سێچەر، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێرسین و سەرۆکی یەکێتیی شارەوانییەکانی تورکیا

2. میتهات بولەنت ئۆزمەن، سەرۆکی شارەوانیی ئەیووب سوڵتان لە ئیستانبوڵ

3. مورات گونەش، جێگری سەرۆکی شارەوانیی ئاتاشەهیر لە ئیستانبوڵ

4. عەبدوڵڵا ئۆزیگیت، سەرۆکی شارەوانیی یەنیشەهیر لە مێرسین

5. ئەحمەد سەرکان تونجەر، سەرۆکی شارەوانیی مەزیتلی لە مێرسین

وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارە بەهۆی بوونی دۆسیە و لێکۆڵینەوەی کراوەی دادوەرییە لە دژی ئەو بەرپرسانە، تا ئەو کاتەی دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر تۆمەتەکانیان یەکلا دەکاتەوە.

ئەم هەنگاوە نوێیەی ئەنقەرە لە کاتێکدایە کە دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆن کاردانەوەی توندی لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتەکەدا لێکەوتووەتەوە و وەک درێژەی گوشارەکانی دەسەڵات بۆ سەر پارتە ڕکابەرەکانی لێکدەدرێتەوە.