ترەمپ دروستکردنی گەورەترین کارگەی کەشتیی جەنگی راگەیاند
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەردەم فەرماندەکانی هێزی دەریایی، هۆشداریی دایە تاران و رایگەیاند، توانای سەربازیی ئێران بەتەواوی داڕماوە و ئیتر دەسەڵاتداری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، تەنیا ئەوە ماوە کە بە رێگە باشەکە یان ناخۆشەکە کۆتایی بە کارەکە بهێنن. هاوکات بە فەرمی دەستپێکردنی گەورەترین پڕۆژەی دروستکردنی کارگەی کەشتی و ژێردەریاییە بێسەرنشینەکانی لە مێژووی دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە راگەیاند.
سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە میانی مەراسیمێکی تایبەتی هێزی دەریایی ئەمریکادا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ستایشی سەرکەوتنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کرد بە سەرپەرشتیی پێیت هێگسێت، وەزیری جەنگ، و ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنەکەیان لە ڤەنزوێلا زۆر بە خێرایی کۆتایی هات و ئێستاش لە بەرامبەر ئێران لەوپەڕی ئاستی باڵادەستیدان.
ترەمپ لەبارەی دۆخی سەربازیی ئێرانەوە گوتی: لە ئێران زۆر بە باشی پێشڕەوی دەکەین؛ ئەوان چیتر سوپایەکی ئەوتۆیان نەماوە و توانای سەربازییان بەتەواوی پێکراوە و پەکخراوە. ئێران رۆژگارێک چەوسێنەر و شەڕانگێزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئیتر وانییە. تەنیا ئەوە ماوەتەوە کارەکە بە یەکجاری کۆتایی پێبهێنین؛ پرسیارەکە لێرەدا تەنیا ئەوەیە: ئایا دەمانەوێت بە رێگە باشەکە ئەنجامی بدەین، یان بە رێگە نەگونجاو و ناخۆشەکە؟ زۆر بە زووانەش وەڵامەکەی دەبینن.
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی جەنگی شەش مانگەی وڵاتەکەی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: میدیاکان دەڵێن شەش مانگە لە جەنگداین، بەڵام لە راستیدا جەنگەکە هەر ئەو ساتە کۆتایی هات کە فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی B-2 لێدانەکانیان وەشاند، چونکە بەوە کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان هات کە 95% بۆ 100%ی هۆکاری سەرەکیی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەمان بوو. ئیتر رێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بووەتە ئەمری واقیع.
ترەمپ سەبارەت بە گەمارۆیە دەریاییەکان رایگەیاند: لە مێژوودا گەمارۆی لەم جۆرە نەبینراوە؛ سفر کەشتی بە گەرووی هورمز دەرباز دەبێت بەرەو ئێران، هەر کەشتییەکیش سەرکێشی بکات، ئەگەر نەوتی پێبێت پەکیدەخەین و ئەگەر نەوتی پێ نەبێت راستەوخۆ نوقمی دەکەین. لە بەرامبەردا، هەناردەی نەوتی وڵاتانی دیکە لە گەرووی هورمزەوە گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی. بە کورتی: ئەمڕۆ گەرووی هورمز موڵکی هێزی دەریایی ئەمریکا و ویلایەتە یەکگرتووەکانە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە داڕمانی ناوخۆیی دەسەڵاتی تاران کرد و گوتی: گەورەترین کێشەی ئێران ئەوەیە کە کەس نازانێت کێ حوکمی ئەو وڵاتە دەکات، دەیان سەرکردەی باڵایان لەناوچوون، سەرباز و پۆلیسەکانیان مووچە وەرناگرن، ئابوورییەکەیان مایەپووچ بووە و تەواوی دامەزراوەکانیان لێکترازاون.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی بڕیاری دەستپێکردنی دروستکردنی گەورەترین کارگەی کەشتیوانیی جەنگیی (Shipyard) لە مێژووی ئەمریکادا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە راگەیاند، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی کەشتیی پێشکەوتوو و بەتایبەت نەوەی نوێی ژێردەریاییە بێسەرنشین و خۆکارەکان (Autonomous Submarines). ترەمپ گوتی: من حەزم لە بیرۆکەی ژێردەریایی بێسەرنشینە؛ لە قوڵایی دەریاوە بە تەنیا و بەوپەڕی دیقەتەوە ئەرکەکان جێبەجێ دەکەن، ئەمە سەرسوڕهێنەرە کە هێزەکەمان چی دەتوانێت بکات.
هەروەها ترەمپ ستایشی رەس ڤۆت، بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەڕێوەبردن و بودجەی کرد و رایگەیاند، ناوبراو رۆڵێکی مێژوویی دەگێڕێت و لە چەند هەفتەی داهاتوودا سوپرایزی زۆر گەورەمان دەبێت بۆ وڵات.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا هێرشی کردە سەر میدیاکان و گوتی: پێشتر پێم دەگوتن هەواڵی ساختە، بەڵام ئێستا وەک سەرۆک دەبێت رێزدارتر بم، بۆیە پێیان دەڵێم هەواڵی دەستکرد ، چونکە چەمکی (دەستکرد)م لە ژیریی دەستکرد وەرگرتووە کە لە راستیدا دەستکرد نییە بەڵکو سەروو ژیرییە، بەڵام ئەو میدیایانە بە تەواوی دەستکرد و ساختەن و حەز ناکەن باسی ئەم سەرکەوتنە مێژووییانەی ئێمە بکەن.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ترەمپ باسی لە هەڵوێستی وڵاتانی هاوپەیمان کرد و گوتی: سەرکردەکانی جیهان بەردەوام پەیوەندیم پێوە دەکەن و سوپاسم دەکەن بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکانی کەشتیوانیمان پاراستووە، منیش پێیان دەڵێم: زۆر باشە، ئەی کەی پارەکەی دەدەن؟ کەشتیی جەنگی دەنێرن یارمەتیمان بدەن؟ لە وەڵامدا دەڵێن: قوربان پێمان باشترە تێوەنەگلێین! ئەوان لە ڕاستیدا کەشتییان نییە، ئێمەین هەموو جیهانمان لەسەر شانمان هەڵگرتووە.
ترەمپ پێداگریی لەسەر باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکا کردەوە و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەهێزترین سوپا و کەرەستەی سەربازیی هەیە، لەوانەش سیستمەکانی پاتریۆت، تۆماهۆک و کەشتیگەلە پێشکەوتووەکان، و گوتی: لە بواری پەرەپێدانی ژێردەریاییدا، ئێمە بەلایەنی کەمەوە 15 ساڵ لە پێش ڕووسیاوەین کە بە هێزی دووەم دادەنرێت، و بەردەوامیش دەبین لە بەهێزکردنی توانای سەربازیمان بۆ پاراستنی ئاشتی لە سەرانسەری جیهاندا.
لە رێوڕەسمەکەدا، پێیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، جەختی لە پرەنسیپی ئاشتی لە رێگەی هێزەوە کردەوە و رایگەیاند، ترەمپ سازش لەسەر بەهێزکردنی توانای سەربازی و هێزی دەریایی ناکات، و ئەم وەبەرهێنانە زەبەلاحە گەرەنتیی پاراستنی باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکایە لە سەرانسەری ئۆقیانووس و جیهاندا.