داعش بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی کەرکووکی گرتە ئەستۆ
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی رۆژی رابردووی سەر هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی لە باشووری رۆژئاوای کەرکووک گرتە ئەستۆ؛ بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمە یەکەمین پەلاماری ئەو رێکخراوەیە دژ بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە دوای کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکە.
چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە؛ چەکدارانی داعش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان داوە، ئەوان لە پشت هێرشەکەی رۆژی دووشەممەی سەر خاڵێکی سەربازیی پۆلیسی فیدراڵی بوون لە باشووری رۆژئاوای کەرکووک، کە لە ئەنجامدا کارمەندێکی پۆلیس کوژرا و چواری دیکەش بریندار بوون.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەم هێرشە گرنگییەکی ئەمنیی تایبەتی هەیە، بەو پێیەی یەکەمین کردەوەی چەکداریی رێکخراوەکەیە لە دوای تەواوبوونی پرۆسەی کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە 30ی ئەیلوولی رابردوو، کە بە فەرمی کۆتایی بە ئەرکی سەربازیی بیانی لە عێراق هێنا.
چاودێرانی ئەمنی پێیان وایە، پەلامارەکەی باشووری کەرکووک بەڵگەی بەردەوامیی مەترسیی شانە نووستووەکانی داعشە لە ناوچە کشتوکاڵی و دەشتاییەکانی دەوروبەری قەزای حەویجە، و وەک یەکەمین تاقیکردنەوەی مەیدانیی توانای سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لێکدەدرێتەوە لە پاراستنی سەربەخۆیانەی ئاسایشی ناوچەکەدا بەبێ پاڵپشتیی مەیدانیی هاوپەیمانان.
دووشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2026، سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنییەوە ئاشکرای کردبوو، چەکداران هێرشێکی کتوپڕیان کردووەتە سەر خاڵێکی سەربازیی سەر بە فەوجی سێی لیوای نۆی پۆلیسی فیدراڵی لە سنووری قەزای حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکووک.
لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللە و پەلامارەکەدا، پۆلیسێک دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و چوار پۆلیسی دیکەش بریندار بوون کە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گەیەندراونەتە نەخۆشخانە. هاوکات چەکدارەکان لە کاتی هێرشەکەدا، کامێرایەکی حەراریی سەربازییان تێکشکاندووە کە لەو خاڵەدا بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش دانرابوو.