هاووڵاتیەک: ئەم بڕیارەی بانکی ناوەندی رێگریی لە بەقاچاخبردنی دۆلار دەگرێت

دوای بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی لەلایەن بانکی ناوەندیی، بەهای دینار هاڕەیکرد و لەهەر نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو بە نرخێک دۆلار دەفرۆشرێت.

هاووڵاتییەکی بەشداربوو لە بازاڕی دراوی هەرێمی کوردستان، بڕیارە نوێیەکانی حکوومەتی لەبارەی رێکخستنەوەی نرخی دۆلار بە هەنگاوێکی ئەرێنی و گرنگ بۆ داهاتووی ئابووریی وڵات وەسف دەکات.

ئەو هاووڵاتییە کە خۆی لە بازرگانیی دراو کار دەکات، سەبارەت بە جیاوازیی نرخی پێشوو و ئێستای دۆلار دەڵێت: پێشتر نرخی فەرمیی 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک تەنیا رووکەش بوو و لە واقیعدا حکوومەت بەو نرخە دۆلاری بۆ بازرگانان دابین نەدەکرد، بەڵکو نرخەکە زیاتر بوو. بە گوتەی ئەو بازرگانە، لە ئێستادا بەهۆی رێکخستنی نرخەکانەوە دۆلار زیاتر لە ناوخۆدا دەمێنێتەوە و رێگری لە بەقاچاخبردنی بۆ دەرەوەی وڵات دەکرێت.

سەبارەت بە پێشبینییەکانی بۆ نرخی دۆلار لە داهاتوودا، ئەو بازرگانە رایگەیاند: پێشبینی ناکەم نرخەکە بەرزتر ببێتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بە شێوەیەکی هێواش و قۆناخ بە قۆناخ نرخەکە دادەبەزێت. ئەو جەختدەکاتەوە کە دابەزینی لەپڕی نرخ کاریگەریی نەرێنی و کاردانەوەی خراپی دەبێت، بۆیە پێویستە پرۆسەکە بە نەرمی بەڕێوەبچێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کاریگەریی بڕیارەکان لەسەر کارەکەیان، ئەو هاووڵاتییە روونیکردەوە: ئەم بڕیارانە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازرگانانی دراو نییە، چونکە هەر نرخێک دۆلاری پێ بکڕن، بە زیادکردنی قازانجێکی کەم دەیفرۆشنەوە و ئەمە بەشێکە لە سروشتی بازرگانی.

هەرچەندە دانی بەوەدانا کە بازاڕ بەهۆی ئەم گۆڕانکارییانەوە تووشی جۆرێک لە وەستان یان خاوبوونەوە بووە، بەڵام جەختیکردەوە: هەر جموجووڵێکی ئابووری کاریگەریی خۆی هەیە و ئەم دۆخە نەگۆڕە؛ بازرگانان و خەڵکیش لەگەڵ رەوتی نوێی بازاڕدا خۆیان دەگونجێنن.

سەبارەت بە کاریگەریی نرخەکان لەسەر نرخی کەلوپەل و بژێویی خەڵک، ئەو بازرگانە روونیکردەوە: ئێستا بازرگانان کەلوپەلەکان بە دۆلاری گران حیساب دەکەن، بۆیە کاریگەریی بەرزبوونەوەی دۆلار لەسەر کاڵاکان بە روونی دیارە. بەڵام پێی وایە بە جێگیربوونی نرخەکان لە داهاتوودا، هاوسەنگی بۆ بازاڕ دەگەڕێتەوە.

لە کۆتاییدا ئەو هاووڵاتییە روونیکردەوە کە بەهۆی کەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانی بە دۆلار لە بۆرسەکاندا، ئێستا خواست لەسەر کڕینی دۆلار بۆ مەبەستی بازرگانی بەراورد بە جاران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.