هاووڵاتییانی عێراق نیگەرانن لە بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار

دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراق بەهای دۆلاری بەرامبەر بە دینار بەرزکردەوە، بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی شڵەژان بوو، بەهای 100 دۆلار لە بازاڕەکاندا بۆ سەرووی 170 هەزار دینار بەرز بووەوە، بەڵام دواتر بەهای دراوەکە دابەزی و گەیشتە 166 هەزار دینار.

ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار تا کاتی کردنەوەی بۆرسە لە دەوروبەری 166 هەزار دینار جێگیر بووە. بڕیارە کاتژمێر 10:00 بۆرسە بکرێتەوە و تا ئەو کاتەش دیار نییە ئایا بەهاکە بەو شێوەیە دەمێنێتەوە یان بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار، بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.

هاووڵاتیانی عێراق نیگەرانیی خۆیان لەم دۆخە دەربڕیوە، چونکە بە بڕوای ئەوان دابەزاندنی بەهای دراوی نیشتمانی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە کارێکی خراپە و بێ ئەنجامی نەرێنی بۆ سەر ژیانی خەڵک نابێت. ئەوان پێیانوایە بێ بوونی چاودێرییەکی توندوتۆڵ لەسەر بازاڕەکان، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی گرانبوونی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان.

هەرچەندە هاووڵاتیان چاوەڕوانی هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارەن لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام ئەو هەنگاوە ئەستەمە. حکوومەتی عێراق ئاشکرایکردووە ئامانج لەم بڕیارە پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەیە، چونکە عێراق مانگانە پێویستی بە 8 ترلیۆن دینارە و دەیەوێت لە هەر 100 دۆلارێک 18 هەزار دینار قازانج بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە 90%ـی داهاتی عێراق لەسەر هەناردەی نەوتە کە بە دۆلار دەفرۆشرێت. بەڵام ئەم بڕیارە بازرگانانی عێراقیشی نیگەران کردووە، چونکە نرخی کڕینی دۆلار لە بانکی ناوەندی لە 132 هەزار دینارەوە بۆ 152 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک بەرز بووەتەوە.

لە هەرێمی کوردستانیش بەشێکی زۆری بازرگانان بەهۆی تۆمارنەبوونیان لە سیستەمی ئەسیکۆدا، لە کڕینی دۆلاری 132 هەزاری بێبەش بوون. ئەو بازرگانانە ناچار بوون دۆلار لە بازاڕی بۆرسەدا بکڕن، کە ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر تێچووی بازرگانییەکانیان هەبووە.

چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی یەک دۆلاری بۆ هاووڵاتیان بە 1520 دینار دیاری کرد.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بیست و دووەمین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، بڕیاریدا گۆڕانکاری لە بەهای ئاڵوگۆڕی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بکات، بڕیارەکە لەسەر بنەمای ئەو پێشنیازانە بوو کە لەلایەن وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقەوە لە میانەی کۆبوونەوەکەدا پێشکەش کرابوون.

بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، بەهای نوێی دۆلار بەم شێوەیەی خوارەوە دیاریکراوە:

یەکەم، نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی 1,500 دینارە.

دووەم، نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان 1,510 دینار دیاریکراوە.

سێیەم، نرخی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکانەوە بۆ سوودمەندی کۆتایی 1,520 دینارە.

حامید نەعیم غازی، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026 دەست پێدەکات.