کوردستان24 پێشەنگ بوو؛ زانیارییە تایبەتەکان پشتڕاست کرانەوە و نرخی دۆلار بەرزکرایەوە

لە پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییە تایبەت و پێشوەختانەی پێشتر کەناڵی "کوردستان24" وەک یەکەمین میدیا ئاشکرای کردبوون، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق بە فەرمی بەرزکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بۆ 150 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک راگەیاند.

کەناڵی "کوردستان24" پێشتر لە رێگەی سەرچاوە تایبەتەکان و لە چەندین راپۆرتدا ئاشکرای کردبوو ئاراستەیەکی فەرمی و دارایی هەیە بۆ رێکخستنەوەی سیاسەتی نەختینەیی لە عێراق و بەرزکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ بۆ ئاستی 150 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک. رێکارە فەرمییەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆش دروستی و وردیی زانیارییەکانی کوردستان24ـیان سەلماند، بەجۆرێک کە ئەو ژمارانە ئێستا بە فەرمی چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە لە تەواوی مامەڵە بانکییەکاندا.

هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا کە کوردستان24 ئاشکرای رایگەیاند، لە یەکەمین کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانییەوە بازاڕە ناوخۆییەکان و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو کاردانەوەی خێرایان نیشان دا، هاوکات ناوەندە ئابووری و بازرگانییەکانیش چاوەڕوانی دیاریکردنی میکانیزمەکانن بۆ سەقامگیرکردنی جووڵەی نەختینەیی و گونجاندنی خستنەڕوو و خواست بەپێی نرخە نوێیەکە.

وردەکاریی بەها نوێیەکان بەپێی بڕیاری حکوومەت:

ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی دۆلاری بۆ هاووڵاتییان بە 1,520 دینار دیاری کرد، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کە لە بیست و دووەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا و بە پشتبەستن بە پێشنیاز و راسپاردەکانی هەریەک لە وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی پەسەندی کرد. نرخەکان بەم جۆرە دابەش کراون:

نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1,500 دینار بۆ هەر دۆلارێک.

نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1,510 دینار بۆ هەر دۆلارێک.

نرخی فرۆشتن بە سوودمەندی کۆتایی (هاووڵاتییان): 1,520 دینار بۆ هەر دۆلارێک لە رێگەی بانکەکان و دامەزراوە داراییە نابانکییەکانەوە.

لای خۆیەوە حەمید نەعیم غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە لە ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە بە فەرمی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.