ژووری بازرگانیی هەولێر کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاریی بەهای دۆلار دەخاتەڕوو
"قەیرانەکان بە سەپاندنی بارگرانی بەسەر هاووڵاتییان چارە نابن"
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵی عێراق سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەربڕی و، هۆشداریی دا کە ئەم جۆرە هەنگاوە ناهاوسەنگانە دەبنە هۆی تێکدانی هاوسەنگیی بازاڕ، پەکخستنی جووڵەی بازرگانی و گرانبوونی نرخی کاڵا سەرەکییەکان لەسەر هاووڵاتییان.
چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، لە راگەیەنراوێکدا، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەسەر بازاڕ، بژێویی هاووڵاتییان و کارەکانی کەرتی تایبەت دەربڕی.
لە راگەیەنەراوەکەدا هاتووە، ئەم جۆرە بڕیارە ئابوورییە ناهاوسەنگانە، راستەوخۆ دەبنە هۆی تێکدانی هاوسەنگیی بازاڕ، پەکخستنی جووڵەی بازرگانی، هەڵکشانی نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان و، قورسکردنی باری گوزەرانی هاووڵاتییان بە گشتی و چینی کەمدەرامەت بە تایبەتی؛ هاوکات ئاستەنگی گەورە لەبەردەم وەبەرهێنەران و خاوەن کۆمپانیاکان دروست دەکەن لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکانیان و بەدیهێنانی پلانە ستراتیژییەکانی کارکردنیاندا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، چارەکردنی قەیرانە ئابوورییەکان بە سەپاندنی بڕیاری نەرێنی لەسەر شانی کەرتی تایبەت، بازرگانان و هاووڵاتییان نایەتە ئاراوە، بەڵکوو پێویستە حکوومەتی فیدراڵ سیاسەتێکی نەرمتر و زانستیتر پەیڕەو بکات کە پارێزگاری لە بەهای دراو و سەقامگیریی بازاڕ بکات.
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، داوا لە حکوومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، بە زووترین کات پێداچوونەوە بەم بڕیارانەدا بکەن و بارگرانی لەسەر بازاڕ و هاووڵاتییان کەم بکەنەوە.
هاوکات دووپاتی دەکاتەوە، کە ژووری بازرگانی بە هەموو توانای خۆیەوە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ داکۆکیکردن لە مافی بازرگانان و کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی دۆلاری بۆ هاووڵاتییان بە 1,520 دینار دیاریی کرد، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 22ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا و بە پشتبەستن بە پێشنیاز و راسپاردەکانی هەریەک لە وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی پەسەندی کرد.