سیپان شێروانی: سبەی لێپرسینەوە لە پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی عێراق دەکرێت
ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ناڕەزایەتییەکان لە بەرامبەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، پەرلەمان بڕیاری داوە سبەی پێنجشەممە دانیشتنێکی تایبەت ساز بکات و تێیدا پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی بانگهێشت بکات؛ هاوکات جەختی کردەوە کە پەرلەمان توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی هەیە.
چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر دینار بە پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدای راگەیاند، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری گۆڕینی بەهای دیناری بەرانبەر دۆلار پەسەند کرد، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق نارەزایەتیی بەرانبەر لێکەوتەوە و داوایان کرد دانیشتنەکە تایبەت بکەن بەو بابەتە.
سیپان شێروانی باسی لەوەش کرد، ئەندامانی پەرلەمانی عێراق بەهۆی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە زۆرینەی دەنگ داوایان کرد، سبەی پارێزەری بانکی ناوەندی و وەزیری دارایی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن و روونکردنەوەی لە بارەیەوە بدەن؛ هەر بۆیە دانیشتی سبەی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە گۆڕینی بەهای دینار.
ئەو ئەندام پەرلەمانی عێراق گوتیشی: گۆڕینی بەهای دینار، بڕیارێکی ئاسان نییە و پێویستە هەڵوێستی لە بەرانبەری هەبێت، چونکە کاریگەرییەکی نەرێنی ئابووری لەسەر هاووڵاتییان دەبێت، دراوی عێراق متمانەی خۆی لە دەست دەدات و ئابوورییەکی خراپ روو لە عێراق دەکات.
سیپان شێروانی باسی لەوەش کرد، بڕیاری گۆڕینی بەهای دراو، لە دەستی بانکی ناوەندی دایە، بەڵام ئەو بڕیارە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە، بۆیە دەبێت سبەی پارێزەری بانکی ناوەندی روونکردنەوەی لە بارەیەوە بدات، هاوکات رایگەیاند، پەرلەمان توانای هەیە ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی یەک دۆلاری بۆ هاووڵاتیان بە 1520 دینار دیاری کرد.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، بەهای نوێی دۆلار بەم شێوەیەی خوارەوە دیاریکراوە:
یەکەم، نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی 1,500 دینارە.
دووەم، نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان 1,510 دینار دیاریکراوە.
سێیەم، نرخی فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکانەوە بۆ سوودمەندی کۆتایی 1,520 دینارە.
حامید نەعیم غازی، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026 دەست پێدەکات.