بلوومبێرگ: عێراق نەوتی خاو لە رێگەی سووریاوە هەناردە دەکات

بە مەبەستی دەربازبوون لە مەترسییە ئەمنییەکانی گەرووی هورمز، عێراق و سووریا گەیشتنە رێککەوتن بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی کاروانێکی گەورەی تەنکەرەوە بۆ بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست؛ بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی سووریاش ئاشکرای کرد کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە پرۆسەکە دەستپێدەکات.

چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، یوسف قیبلاوی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی سووریا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی بلوومبێرگ رایگەیاند، حکوومەتی عێراق داوای لە دیمەشق کردووە هاوکاری بێت لە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی وشکانییەوە، هاوشێوەی ئەو نەوتە رەشەی کە لە ئێستادا بە تەنکەر دەگوازرێتەوە.

قیبلاوی گوتی: پێشبینی دەکەم هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی سووریاوە بە زووترین کات دەستپێبکات، چونکە رێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەت نزیکە لە کۆتاییهاتن، و ئومێدەوارین لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا یەکەم کاروانی تەنکەرەکان بگەنە نێو خاکی سووریا.

ئەم هەنگاوەی بەغدا دوای ئەوە دێت کە مەترسی و هێرشە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز بەردەوامن و عێراق هەوڵ دەدات داهاتی نەوتی خۆی لە پەککەوتن بپارێزێت. ئێستا رۆژانە نزیکەی هەزار تەنکەر نەوتی رەشی عێراق دەگوازنەوە بۆ بەندەری بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست کە هەر تەنکەرێک 220 بەرمیل دەگرێت. قیبلاوی پێشبینی کرد بۆ نەوتی خاویش رۆژانە بەلایەنی کەمەوە هەزار تەنکەری دیکە یان زیاتر بەکاربهێنرێت بەهۆی زۆریی بڕی نەوتی خاو.

کۆمپانیای نەوتی سووریا لە بەندەری بانیاس کۆگای تایبەت بە عەمبارکردنی نەوتی خاوی عێراق دابین دەکات تا دواتر بار بکرێنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان. سەرباری ئەوەی ئەم بڕە بەشێکی کەمی کۆی هەناردەی رۆژانەی عێراق نزیکەی 2.7 ملیۆن بەرمیل پێکدەهێنێت، بەڵام وەک رێڕەوێکی بەدیل و خێرا سوودی لێوەردەگیرێت.

هەروەها لە هاوینی رابردوودا بەغدا و دیمەشق تاوتوێی نۆژەنکردنەوەی بۆرییە کۆنەکەی نەوتی نێوان هەردوو وڵاتیان بۆریی کەرکووک - بانیاس کردووە، و بڕیارە لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا کارکردن بۆ کاراکردنەوەی بۆرییەکە دەستپێبکات، تاوەکو ببێتە هێڵێکی هەمیشەیی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە گەرووی هورمز.