شاخەوان عەبدوڵڵا: پێویست بوو پێش جێگیرکردنی بەهای دۆلار ئامادەکاریی بکرێت

شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، پێویست بوو بەر لە دەستکاریکردنی نرخی دراو، حکوومەت هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و دانانی سنوورێک بۆ گرانیی کەلوپەل.

چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: حکوومەت بۆ دەستکاریکردنی بەهای دۆلار، دەیویست ئەو 20 هەزارەی کە زیادی کردووە بۆی بگەڕێتەوە و ببێتە داهات.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، پێویست بوو بەر لە دەستکاریکردنی نرخی دراو، حکوومەت هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و دانانی سنوورێک بۆ گرانیی کەلوپەل، نەک هاووڵاتییان لەناو ئەم گێژاوە ئابوورییەدا بە تەنیا جێبهێڵێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا، گوتی: هەر چەندە پەرلەمان ناتوانێت بەهای دۆلار و دینار دیاریی بکات؛ بەڵام دەتوانێت هاوکار بێت لە کۆنترۆڵکردنی نرخی شتومەک لە بازاڕ.

لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە لیژنە بۆ چاودێریکردنی نرخ لە بازاڕەکان پێکبهێنرێت تا رێگری بکرێت کە قۆرخکاری و نرخ بەرزکردنەوە.

لە بارەی تەواوکردنی کابینەکەی زەیدی، شاخەوان عەبدوڵڵا پێشبینی دەکات لە هەفتەی داهاتوودا پرسی پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکانی کابینەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تەواوی کۆتایی پێبێت، تا دامەزراوەکانی حکوومەت بتوانن لەم قۆناخە دژوارەدا رووبەڕووی تەنگژە کەڵەکەبووەکان ببنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فرۆشتنی دۆلاری بۆ هاووڵاتییان بە 1,520 دینار دیاریی کرد، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کە لە 22ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا و بە پشتبەستن بە پێشنیاز و راسپاردەکانی هەریەک لە وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی پەسەندی کرد.