هێگسێت: کەشتیی فڕۆکەهەڵگری لینکۆڵن 64 کەشتیی جەنگیی ئێرانی نوقم کردووە

وەزیری جەنگی ئەمریکا، وردەکاری و دەستکەوتە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە میانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە تووڕەیی داستانئاسا دژ بە ئێران ئاشکرایکرد و رایگەیاند، گرووپی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن گورزی کوشندەی لە هێزی دەریایی ئەو وڵاتە داوە.

چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا روونیکردەوە، گرووپی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن بۆ ماوەی 40 رۆژ بەردەوام ئۆپەراسیۆنی شەڕکردن و گەمارۆیەکی توندی دەریاییان دژ بە ئێران جێبەجێ کردووە بۆ سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە. رایگەیاند، ئەم هێزە باڵادەستیی دەریایی رەهای خۆی سەلماندووە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیجییەکانی سەرۆک و پتەوکردنی ئاسایشی ئەمریکا.

وەزیری جەنگی ئەمریکا ئامارە سەربازییەکانی خستەڕوو و رایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزەکانیان 3,693 گەشتی ئاسمانیی جەنگییان کردووە، 1.37 ملیۆن پاوەند تەقەمەنییان بەسەر ئامانجەکاندا باراندووە، 450 مووشەکی تۆماهۆکیان ئاراستەی ئامانجە وشکانییەکان کردووە، و 77 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژیان خستووەتە خوارەوە.

هێگسێت گوتیشی: هێزەکانمان 64 کەشتیی جەنگیی ئێرانیان نوقمی دەریا کردووە، 21 مووشەکی کروزی دژەکەشتییان تێکشکاندووە، و بەرپەرچی چوار بەلەمی تیژڕەوی هێرشبەر و کەشتیی بۆمبڕێژکراویان داوەتەوە. رایگەیاند، ئێران پێش دەستپێکردنی ئەم رووبەرووبوونەوەیە خاوەنی کەشتیگەلێکی دەریایی هاوچەرخ بوو، بەڵام کاتێک رووبەرووی فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن بوونەوە شکستیان هێنا و کەشتییەکانیان چوونە بنکی دەریاوە.

سەبارەت بە ئامانجی کۆتایی هێرشەکان، هێگسێت جەختیکردەوە ، ئەرکی ئەوان گەرەنتیکردنی ئەوەیە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و وەسفی گەمارۆ دەریاییەکەی کرد بەوەی دیوارێکی پۆڵایین بووە لە یەکەم رۆژەوە. لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە کە سوپای ئەمریکا بەم ئۆپەراسیۆنە رێڕەوی مێژووی گۆڕی و رێگریی لە تاران کرد بگاتە چەکی ئەتۆمی.