عێراقچی: دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە

 وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، پڕۆسەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە و پەیامەکان لە رێگەی نێوەندگیرییەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێن.

پێنجشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "پلانی حەوت رۆژەکەمان خستووەتەڕوو و گوێمان لە بۆچوونی لایەنی ئەمریکی سەبارەت بەو پلانە گرتووە". هاوکات روونیکردەوە، ئێستا لێکۆڵینەوە لە بۆچوونەکانی ئەمریکا دەکەن و لە چەند رۆژی داهاتوودا وەڵامەکەیان پێشکەش دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عێراقچی جەختیکردەوە، پڕۆسەی گفتوگۆ و دانوستانەکان بەردەوامە و لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان دەکرێت.

قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ستێڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەو بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران کار دەکات و پێشکەوتنی بەرچاو بەدەستهێناوە. هاوکات لەگەڵ ئەم رێڕەوە، ئیدارەی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە بژاردەکانی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان دژ بە تاران لە هەفتەکانی داهاتوودا دەکات.

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، ئێرانییەکان ئامادەن هەر شتێک پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی دۆخی ئێستا رابگرن. سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ تاران ئەو بژاردەیە نییە کە بەڕاستی حەزی پێدەکات، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ بەردەوامیی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەگەڵ بەردەوامیی پرۆسەی دانوستانەکان.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند،، هاوکات ئاشکرایکرد، تاران لە چەند رۆژی داهاتوودا وەڵامی پێشنیارەکانی ئەمریکا دەداتەوە.