ئەمریکا سزای نوێ بەسەر 17 کەشتی ئێرانیدا دەسەپێنێت
ئەمریکا سزای بەسەر 17 کەشتیی سەر بە کەشتیگەلی سێبەری ئێراندا سەپاند، تاران بۆ گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ بازاڕەکانی دەرەوە بەکاریان دەهێنێت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا، پێنجشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2026 روونیکردەوە، سزا نوێیەکان تۆڕی کەشتیگەلی سێبەری ئێران بێکاریگەر دەکات. هاوکات سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئامانجی ئەو سزایانە بێبەشکردنی تارانە لەو سەرچاوانەی بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ لە ناوچەکەدا بەکاری دەهێنێت".
سزاکان 17 کەشتی دەکاتە ئامانج بەپێی زانیارییەکان، ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانی و بەرهەمە نەوتی و پەتڕۆکیمیاییەکانیان بۆ بازاڕەکانی باشووری ئاسیا و رۆژهەڵاتی ئاسیا گواستووەتەوە. وەزارەتی گەنجینە سزای بەسەر کۆمپانیا خاوەن کەشتییەکانیشدا سەپاندووە و تۆمەتباری کردوون بەوەی لە کەرتی نەوت و پەتڕۆکیمیاییەکانی ئابووریی وڵاتەکەدا چالاکن.
سکۆت بیسێنت، پێشتر بەڵێنیدابوو، واشنتن گەورەترین هێرشی ئابووری لە مێژوودا دژ بە ئێران دەستپێدەکات. ئەو وەزیرە ئەو هەڵمەتەی بە دابەزینی هاوپەیمانان لە نۆرماندی ناسراو بە "دی دەی" شوبهاند، خاڵی وەرچەرخانی جەنگی جیهانیی دووەم بوو.
لەلایەکی دیکەوە، ئەو هێرشانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتایی شوباتی رابردووەوە بۆ سەر ئێران ئەنجامیان داون، بوونە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکە. ئەم دۆخە تارانی ناچار بە وەڵامدانەوە کرد و بە ئامانجگرتنی وڵاتانی ناوچەکەش هۆکاری پەرەسەندنی شەڕێکی بەرفراوان بووە لە ناوەڕاستدا.
راگەیاندنی ئەو سزایانە دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشی سەربازیی زیاتری بۆ سەر ئێران تا پێش هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا لە 3ـی تشرینی دووەم رەتیکردەوە. ترەمپ رایگەیاند، واشنتن سەرقاڵی دانوستانێکی بەرهەمدارە لەگەڵ تاران.