ئەکسیۆس: کۆمپانیاکانی ژیری دەستکرد خۆیان بۆ کارەساتێکی گەورە ئامادە دەکەن

کۆمپانیا پێشەنگەکانی بواری ژیری دەستکرد، لەوانە ئەنترۆپیک و ئۆپن ئەی ئای، لە گفتوگۆدان سەبارەت بە سیناریۆی روودانی کارەساتێکی گەورە لە ئەنجامی بەکارهێنانی ناپارێزراوی ئەم تەکنەلۆژیایە.

ئەمڕۆ شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی خۆئامادەکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانن.

بەپێی راپۆرتەکە، بەرپرسانی بواری ژیری دەستکرد پێشبینی دەکەن لە ماوەی 6 بۆ 12 مانگی داهاتوودا، هێرشێکی فراوانی ئەلیکترۆنی رووبدات، ئەم هێرشە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی تێکدانی خزمەتگوزارییە داراییەکان، پەکخستنی پەیوەندییەکانی ئینتەرنێت و کاریگەریی نەرێنی لەسەر دابینکردنی کارەبا و ئاو دروست بکات.

نیگەرانییەکان پاش ئەوە پەرەیان سەند کە هەڵمەتێکی ئەلیکترۆنی دامەزراوە داراییەکانی کۆریای باشووری کردە ئامانج و 2 بانکی هاک کرد، کۆمپانیای ئاسایشی ئەلیکترۆنی کرادستڕایک گومانی ئەوەی هەیە هاککەرێک پەیوەندی بە چینەوە هەبێت، ئامرازەکانی ژیری دەستکردی وەک مۆدێلی چینی دیپسێک و هەروەها ئامرازی کلاود کۆدی کۆمپانیای ئەنترۆپیکی بەکارهێنابێت بۆ دزینی زانیاری لە دەیان هەزار کڕیاری بانکی و دیاریکردنی بازاڕی فرۆشتنەوەیان.

کۆمپانیاکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئەگەرانە، سەرقاڵی هاوشێوەکردنی سیناریۆ مەترسیدارەکانن و بەرپرسانی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاردانەوە سیاسی و یاساییەکان ئامادە دەکەن، لە نێوان ئەو پێشنیازانەی خراونەتەڕوو، سەپاندنی سنووردارکردنی بەرفراوان یان راگرتنی کاتیی توێژینەوەکان و قەدەخەکردنی پەرەپێدانی سیستەمی ژیری سەروو هەن.

هاوکات دۆزینەوەی میکانیزمی وەستانی فریاگوزاری بۆ سیستەمە پێشکەوتووەکان یەکێکی دیکەیە لەو بیرۆکانەی لەلایەن هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی ئەمریکا پاڵپشتی دەکرێت. شارەزایان هۆشداری دەدەن کە هەر رووداوێکی گەورەی لەم شێوەیە، جگە لە زیانە تەکنیکی و ئابوورییەکان، دەبێتە هۆی هەڵکشانی دژایەتیی گشتی و زیادبوونی فشاری سیاسی بۆ سەپاندنی سنووردارکردنی توند بەسەر کەرتی ژیری دەستکرددا.