ئەمڕۆ دانیشتوانی دەڤەری بارزان بەهەرەوەزی قەزوان لێدەکەنەوە
لە دەڤەری بارزان، بە فەرمی وەرزی لێکردنەوەی قەزوان دەست پێدەکات و بەرپرسێکی ژینگەییش رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ رێژەی بەرهەمەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر زیاترە و داواش لە هاووڵاتییان دەکرێت لە کاتی لێکردنەوەیدا ژینگەپارێز بن.
ئەمرۆ شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، ملازم سدیق حەسەن، بەڕێوەبەری هۆشیاری و راگەیاندنی بەتالیۆنی ژینگەی بارزان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: ساڵانە لە دەڤەری بارزان وەرزی تایبەت بۆ هەواری قەزوان، کەنگر، مازو و چلووبڕین هەیە. جیاواز لەوەی هەرکەسێک لە ئاستی خۆیدا حەزی لێبێت راستەوخۆ بچێت، لێرەدا پێشوەختە لیژنەیەک دادەنیشێت و کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆکردنەوە و لێکردنەوەی دانێت، تا ئەو کاتەش قەدەخەیە هیچ کەسێک دەستیان لێ بدات؛ ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی هەموو خەڵک بە یەکسانی سوودی لێ ببینن و ئەم کولتوورەش پارێزراو بێت.
ملازم سدیق حەسەن ئاماژەی بەوە دا، بۆ ئەمساڵ کاتی فەرمی بۆ لێکردنەوەی قەزوان دیاریکراوە و لە ئەمڕۆوە خەڵک دەتوانێت بۆ ئەو مەبەستە سەردانی ناوچەکان بکات و لێکردنەوەکەش رەنگە تاوەکو 15 بۆ 20 رۆژی دیکە بەردەوام بێت. هەرچەندە کاتەکان هەندێک جار بەگوێرەی ساڵ و مانگ دەگۆڕێن، بەڵام بە فەرمی کاتی قەزوان 10ـی مانگی 10یە، و کاتی مازووش 8ـی مانگی 8یە.
سەبارەت بە بڕی بەرهەمەکە، بەڕێوەبەری هۆشیاری و راگەیاندنی بەتالیۆنی ژینگەی بارزان، روونیکردەوە؛ تا ئێستا داتایەکی ورد نییە، چونکە هەر کەسێک بۆخۆی دەڕوات و بڕی 10 بۆ 20 کیلۆ کۆدەکاتەوە، هەروەها هیچ داتایەکی فەرمی نییە کە بڵێت لە شارۆچکەی مێرگەسۆر ئەوەندە تۆنە قەزوان کرابێت، بەڵام رێژەی قەزوانی ئەمساڵ زۆر زۆرە و بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاترە.
ملازم سدیق حەسەن، لە هەمان کاتدا، لە روانگەی پاراستنی ژینگەوە، داوا لە هاووڵاتییان کرد؛ لە کاتی کۆکردنەوەدا شێوەی دارەکان تێکنەدەن و لق و پۆپی درەختەکان نەشکێنن.
بەڕێوەبەری هۆشیاری و راگەیاندنی بەتالیۆنی ژینگەی بارزان ئەوەشی خستەڕوو، قەزوانی کۆکراوەوە چەندین سوودی هەیە؛ خەڵک هەیە بۆ زستان وەک چەرەز بەکاری دەهێنێت، هەندێکی دیکەش بۆ "گوشمە" بەکاری دەهێنن (واتە لە ئامێری دەدەن و وەک حەڵوای لێ دێت)، هەندێکیش بۆ تەزبیح، و بە سەوزیش بۆ ناو ماستاو و دۆ بەکار دەهێنرێت، هەروەها هەندێک کەسیش بۆ قاوە سوودی لێ دەبینن و بەشێکیشی دەنێرنە بازاڕەوە بۆ فرۆشتن، کە بەتایبەت ئەمساڵ خێر و سوودی باشی هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژی پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، کامەران حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، قەزوان تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکاندا گەشە دەکات و لە هەموو شوێنێکدا بەردەست نییە. روونیشیکردەوە کە تا ئێستا کاری پێویست بۆ موتوربەکردنی ئەو دارانە نەکراوە و جووتیارانیش هەوڵی جیدییان بۆ پەرەپێدانی نەداوە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دارەکانی گۆیژ و قەزوان ساڵانە تووشی بڕینەوە و سووتاندن دەبن و ئامێری مۆدێرنیش بۆ بڕین و کۆکردنەوەیان نییە و جووتیاران بە شێوازی نەریتی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
سەبارەت بە سوودە پزیشکییەکان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سۆران روونی کردەوە، خەڵک لە باپیرانیانەوە فێر بوون قەزوان و بنێشتی تاڵ بۆ ئازاری گەدە و نەخۆشییەکان بەکاربهێنن و لەگەڵ مازیش بۆ برین بەکارهاتووە، بەڵام هێشتا بە شێوەیەکی نەریتی ماوەتەوە و ئەگەر جووتیاران گرنگیی پێ بدەن، دەتوانرێت لە پیشەسازیی خۆراکدا سوودی زۆری لێ وەربگیرێت و وەک ئیدارەی سۆران لە هەوڵدان ئاماری گشتی و داتای ورد بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان کۆ بکەنەوە.
لە بەرامبەردا، ئەمیر مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی بارزان، رەتیکردەوە بەرهەمی قەزوان بە تەواوی پشتگوێ خرابێت، بەڵام جەختیکردەوە، جووتیار زیاتر گرنگی بە بەرهەمێک دەدات کە خواستی بازاڕی لەسەر بێت. هەروا گوتیشی: سەختیی رێگاکانی شاخ و سروشتی دارە خۆرسکەکانی بە هۆکار زانی بۆ نەبینینی سوودی تەواو.