لە تاران هێرشێکی چەکداری کرایە سەر مۆڵێک

لە مۆڵێکی ناوەندیی تارانی پایتەختی ئێران، کەسێک بە دەمانچە هەڵیکوتاوەتە سەر سکرتێری کۆمپانیایەکی بازرگانی دوای کوشتی، خۆیشی کوشتووە.

فەرماندەیی باڵای پۆلیسی تاران رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە نهۆمی چوارەمی مۆڵی سەعدی، کەسێک کە تەمەنی لەنێوان 25 بۆ 30 ساڵ دەبێت، بە دەمانچە هەڵیکوتاوەتە سەر شوێنێکی بازرگانی و دوای ئەوەی تەقەی لە سکرتێری کۆمپانیایەکی بازرگانی کردووە، هەر لە هەمان کاتدا خۆیشی کوشتووە.

فەرماندەییەکە رایگەیاندووە، کوژراوەکە ئافرەتە و هۆکاری هێرشە چەکدارییەکەش نەزانراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەستیپێکردووە.

لای خۆیەوە پۆلیسی تاران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بڵاویکردووەتەوە، کە رووداوی تەقەکردنەکەی مۆڵی سەعدی کاتژمێر 9ـی بەرەبەیان بووە و دەستبەجێ بنکەی 110ی فریاکەوتنی سنوورەکە لە رووداوەکە ئاگادار دەکرێنەوە و پۆلیسی بنکەی 109ـی بەهارستان گەیشتوونەتە مۆڵەکە و بەگوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکان، دەرکەوتووە گەنجێکی 25 ساڵ هەڵیکوتاوەتە نێو مۆڵەکە و لە نهۆمی چوارمی باڵەخانەکەدا تەقەی لە خانمێکی سکرتێری کۆمپانیایەکی بازرگانی کردووە، بەهۆیەوە ئافرەتەکە دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە.

پۆلیسی تاران، رووداوەکەی بە هێرشێکی چەکداری تۆمارکردووە و رایگەیاندووە، تا کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان، هیچ زانیارییەکی دیکە بۆ رای گشتی بڵاو ناکەنەوە.