زەیدی سەردانی دوو وڵاتی ناوچەکە دەکات

ئەم هەفتەیە سەرۆکوەزیرانی عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێک سەردانی سعوودییە و کوەیت دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان 24، بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی سعوودییە بکات. لەم سەردانەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێکی هاوبەش و دۆخی ناوچەکە بکەن.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لە میانەی سەردانەکەیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە هێرشکردنە سەر خاکی سعوودییە تاوتوێ دەکات و بڕیارە دوای تەواوبوونی کارەکانی لەو وڵاتە، سەردانی کوەیتیش بکات.

پێشتر بڕیار بوو لە 29ـی تەممووزی ئەمساڵدا عەلی زەیدی سەردانی سعوودییە بکات، بەڵام لەبەر هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و سعوودییە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و چەند گرووپێکی چەکدار، سەردانەکە هەڵوەشێندرایەوە. ئەو هێرشە هاوبەشەش وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو هێرشە درۆنییانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە کرابوونە سەر دامەزراوەکانی سعوودییە.

دوای ئەو رووداوانە و بەهۆی چەندین هەوڵ و نێوەندگیریی ناوخۆیی و دەرەکییەوە، گرژییەکانی نێوان بەغدا و ریاز تا رادەیەک خاو بوونەوە، ئەمەش وای کرد دووبارە ئامادەکاری بۆ سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکرێتەوە بۆ ئەوەی دۆسیە ئەمنی، ئابووری و سیاسییەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا بخرێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.