گەنجێکی کورد لە نەرویج باڵاترین مۆڵەتی فڕۆکەوانیی مەدەنی بەدەستدەهێنێت
گەنجێکی کورد بە ناوی جودی هێرش زادە لە وڵاتی نەرویج، توانی بە سەرکەوتوویی مۆڵەتی فڕۆکەوانیی هێڵی ئاسمانی بەدەستبهێنێت کە بە باڵاترین ئاستی بڕوانامەی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە جیهاندا هەژمار دەکرێت، هاوکات لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 ئارەزووی خۆی بۆ دامەزراندنی ئەکادیمیایەکی فڕۆکەوانی لە کوردستان بە مەبەستی خزمەتکردنی گەلەکەی ئاشکرا کرد.
گەنجێکی کورد لە وڵاتی نەرویج، دوای تەواوکردنی قۆناخەکانی خوێندن و راهێنانی ئەکادیمی، توانی مۆڵەتی فڕۆکەوانیی هێڵی ئاسمانی بەدەستبهێنێت و ئێستا لە هێڵە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتەدا وەک فڕۆکەوان کار دەکات.
جودی هێرش زادە، فڕۆکەوان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، تیشکی خستە سەر کاروانی خوێندن و پێگەیشتنی پیشەیی خۆی و رایگەیاند: کە ساڵی 2022 لە وڵاتی ئەڵمانیا دەستی بە خوێندن کردووە لە کایەی فڕۆکەوانیدا، پاشان لە ساڵی 2024 رووی لە وڵاتی نەرویج کردووە بۆ درێژەدان بە خوێندنەکەی؛ سەرئەنجام لە ساڵی 2026ـدا سەرکەوتوو بووە لە بەدەستهێنانی مۆڵەتی فڕۆکەوانیی هێڵی ئاسمانی شانبەشانی وەرگرتنی چەندین بڕوانامەی پسپۆڕیی دیکە لە هەمان بواردا.
سەبارەت بە دیدگا و پلانی بۆ داهاتوو، جودی هێرش زادە گوتی: "خەون و ئامانجی سەرەکیم ئەوەیە کە یارمەتیی گەلەکەم بدەم و لە داهاتوودا ئەکادیمیایەکی تایبەت بە فڕۆکەوانی لە کوردستان بکەمەوە، تا گەنجانی وڵاتەکەم بتوانن لە ناوخۆدا ئەو زانستە مۆدێرنە بخوێنن و ببنە فڕۆکەوان."
ئەمەش لە کاتێکدایە، مۆڵەتی فڕۆکەوانیی هێڵی ئاسمانی (Airline Transport Pilot License)، بە باڵاترین ئاستی مۆڵەت دادەنرێت کە فڕۆکەوانێکی مەدەنی لەسەر ئاستی جیهاندا بەدەستی دەهێنێت؛ هەر کەسێک ئەم مۆڵەتە بەدەستبهێنێت، لە رووی یاسایی و نێودەوڵەتییەوە شایستەیی تەواوی دەبێت بۆ لێخوڕینی فڕۆکە گەورە نەفەرهەڵگرەکان وەک کاپتن یاخود یاریدەدەری فڕۆکەوان لە هێڵە ئاسمانییە سەرەکی و نێودەوڵەتییەکاندا.