رووسیا: دانانی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئۆکرانیا ساتێکی مێژووییە
مۆسکۆ پێشوازیی لە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا کرد سەبارەت بە پێویستیی دەستنیشانکردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئۆکرانیا؛ هەروەها هەڵوێستەکەی ترەمپ بە ساتەوەختێکی مێژوویی و گرنگ وەسف دەکات بۆ بەرگرتن بە سیاسەتە دوژمنکارانەکانی کیێڤ و هێنانەکایەی ئاشتی.
کیریل دمیتریێڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکی رووسیا، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ترەمپ بەم لێدوانەی، چووەتە پاڵ ئەو لایەنانەی کە پێیان وایە دەبێت لە ئۆکرانیادا سەرۆکێک هەبێت ئاشتی بخاتە سەرووی ئەولەوییەتەکانی کارکردنی خۆیەوە.
نێردەی تایبەتی سەرۆکی رووسیا لە پەیامێکی دیکەیدا، لە هەژمار خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "سەرۆک ترەمپ دەچێتە پاڵ زۆرینەی ئەوانەی پێیان وایە ئۆکرانیا پێویستی بە سەرکردایەتییەکە بە کردار هەوڵ بۆ ئاشتی بدات، نەک پەیڕەوی لە دیدگا و رێبازی دوژمنکارانەی زێلێنسکی بکات."
گوتیشی: لێدوانەکانی ترەمپ لەم بارەیەوە ساتەوەختێکی مێژوویی و گرنگە.
ئەم پەیامەی بەرپرسەکەی رووسیا دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی شەممە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاندبوو: دەبێت ئۆکراینا بەدوای سەرکردەیەکی نوێدا بگەڕێت کە توانای ئەنجامدانی رێککەوتنی هەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردبوو، کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، چەندین جار دەرفەتی ئەوەی لەبەردەستدا بوو کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت، بەڵام خۆی بڕیاری دا کە ئەو هەنگاوە نەنێت.
لێدوانە توندەکانی ترەمپ لە کاتێکدان کە گفتوگۆکانی تایبەت بە پرسی ئۆکرانیا لە شاری میامی پێش وادەی دیاریکراوی خۆیان کۆتاییان پێهات، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا بە فەرمی رایگەیاند سزاکانی سەر هەناردەکردنی کەرتی وزەی رووسیا سووک دەکات.