یەکەمین کۆنفرانسی ساڵانەی کوردانی ئەکادیمیی لە بەریتانیا بەڕێوەچوو
یەکەمین کۆنفرانسی ساڵانەی کوردانی ئەکادیمیی لە بەریتانیا، بە ئامانجی ناساندنی توانا و دەستکەوتە زانستییەکان، گۆڕینەوەی ئەزموون و بەهێزکردنی پەیوەندی لە نێوان فێرخوازان و توێژەرانی کورد، لە زانکۆی باشووری وەیڵز بەڕێوەچوو.
بنار سەردار، فۆتۆگرافەر و دروستکەری فیلمی دۆکیۆمێنتاری "ئەوە ئیشی منە" دەڵێت، " کۆنفرانسەکە هەنگاوێکە بۆ ناساندنی توانا ئەکادیمییەکانی کورد و دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان توێژەران و فێرخوازاندا."
یەکشەممە، 11ی تشرینی یەکەمی 2026، بنار سەردار، فۆتۆگرافەر و دروستکەری فیلمی دۆکیۆمێنتاری "ئەوە ئیشی منە" بە کوردستان24ی راگەیاند، "کۆنفرانسەکە دەرفەتێکی گرنگیی بۆ کۆکردنەوەی ئەکادیمییە کوردەکان و هاوبەشکردنی ئەزموون و زانیارییەکانیان رەخساند، هەروەها ئەو کۆنفرانسە دەتوانێت ببێتە سەرەتای دروستکردنی تۆڕێکی بەهێزی پەیوەندی لە نێوان نەوەکانی فێرخوازان و توێژەرانی کورد لە بەریتانیا."
بنار سەردار سەبارەت بە کۆنفرانسەکە گوتی، "کۆنفرانسەکە بە رێکخستنی کۆمەڵەی کوردی کاوە kurdish All wales Association، لە زانکۆی باشووری وەیڵز بەڕێوەچوو و فێرخوازانی قۆناخەکانی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا، لەگەڵ توێژەران و کەسانی خاوەن ئەزموونی ئەکادیمی، بەشدارییان تێدا کرد."
بنار سەردار باسی لەوەش کرد، " د. مایک چیک، لە زانکۆی باشووری وەیڵز لە کۆنفرانسەکەدا وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و باسی لەوە کرد کە بەشێکی زۆری ژیانی پیشەیی خۆی بۆ یارمەتیدانی فێرخوازان لە بەدەستهێنانی بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرا تەرخان کردووە. هەروەها سەرسامی خۆی بەو فێرخوازانە دەربڕی بە زمانی دووەم یان سێیەمی خۆیان توێژینەوە دەکەن و بڕوانامەی زانکۆیی بەدەست دەهێنن، و ئەوەی بە دەستکەوتێکی گەورە و شایانی پێزانین وەسف کرد."
سەبارەت بە کۆبوونەوەی کوردانی چوار بەشی کوردستان لە ژێر چەتری زانستدا، بنار سەردار دەڵێت، "یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی کۆنفرانسەکە، بەشداریی کوردانی چوار بەشی کوردستان و کۆبوونەوەیان لە ژینگەیەکی زانستی و دۆستانەدا بوو. ئێمەی بەشداربووان، سەرەڕای جیاوازیی شوێنی لەدایکبوون، ئەزموونی ژیان و پسپۆڕییەکانمان، لەسەر ئامانجێکی هاوبەش کۆبووبووینەوە؛ ئەویش گۆڕینەوەی زانیاری، فێربوون لە یەکتر و دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزتر لە نێوان ئەکادیمییە کوردەکاندا."
بنار سەردار باس لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکە دەکات و دەڵێت، "لە باکووری کوردستانەوە، مستەفا ئەسلەن، خەڵکی شاری ئورفە، توێژەری دکتۆرا و مامۆستای دەرچووی زانکۆی کاردیف، بەشداریی کۆنفرانسەکەی کرد. لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، فریشتە حەسەن زادە، فێرخوازی دیزاین لە کاردیف، کە بڕوانامەکانی بەکالۆریۆس و ماستەری لە بواری وەرگێڕانی زمانی ئینگلیزیدا هەیە، لە نێو بەشداربوواندا بوو. لە رۆژاوای کوردستانەوە، محەمەد حەسەن خەیری، لە بواری پەروەردە و پشتگیریی کارکردندا چالاکە، ئەزموونی خۆی هاوبەش کرد.
سەبارەت بە بەشداربووانی باشووری کوردستان، بنار سەردار گوتی، "لە باشووری کوردستانیشەوە، ژمارەیەک فێرخواز و توێژەر لە بوارە جیاوازەکاندا بەشدارییان کرد وەکو، چرا حوسێن، ئەندازیاری سۆفت وێر، مامۆستا و توێژەری خوێندنی باڵا لە زانکۆی کاردیف، کە توێژینەوەکەی لەسەر پەرەپێدانی یارییەکانی مۆبایل بۆ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتە. هەروەها گەردوون بابان، فێرخوازی ماستەر لە بواری پشکنینی بینایی و چاودێریی چاو لە زانکۆی کاردیف، و بەفرە سابیر، ئەندازیاری کیمیایی، بەشدار بوون. کەریم عوسمان، فێرخوازی دکتۆرا لە بواری زمانی فەرەنسی لە زانکۆی بریستۆڵ، و من وەک فێرخوازی ماستەر لە بواری وێنەگرتن و ئەرشیفی کوردی، لە بەشداربووانی دیکەی کۆنفرانسەکە بووین."
بنار سەردار جەختی کردەوە، "ئەم فرەچەشنییە لە بوارەکانی خوێندن و توێژینەوەدا نیشانەی ئەوەیە کە توانا ئەکادیمییەکانی کورد لە بوارێکی دیاریکراودا سنووردار نین، بەڵکو لە زانست، پەروەردە، زمان، هونەر، تەکنەلۆژیا و توێژینەوەی مێژووییدا بەشدارییەکی گرنگیان هەیە."
بنار سەردار لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، گرنگیی کۆنفرانسەکەی بەوەوە بەستەوە کە رەوەندی کوردی لە بەریتانیا تەنیا کۆمەڵێک خێزان نییە کە لە دەرەوەی کوردستان دەژین، بەڵکو کۆمەڵگەیەکە خاوەنی توانا، ئەزموون، خەون و ئامانجی جیاوازە. لە نێو ئەم کۆمەڵگەیەدا ژمارەیەک لە فێرخواز و توێژەرانی کورد لە بوارەکانی زانست، تەکنەلۆژیا، تەندروستی، هونەر، کۆمەڵناسی، مێژوو و زانستە مرۆییەکاندا خەریکی خوێندن و توێژینەوەن؛ بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە تا چەند ئەم کەسانە یەکتر دەناسن و چەند دەرفەتیان بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموون و زانیاریی یەکتر هەیە."
بنار سەردار باس لە هەوڵی کۆنفرانسەکە بە کەمکردنەوەی دووری نێوان ئەکادیمییە کوردەکان دەکات و دەڵێت، "کۆنفرانسەکە هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی دووریی نێوان ئەکادیمییە کوردەکان و دروستکردنی دەرفەت بۆ ناسینی یەکتر، گفتوگۆکردن و گۆڕینەوەی ئەزموون. ئەم جۆرە چالاکییانە دەتوانن رۆڵێکی گرنگ لە هاندانی گەنجانی کورد بۆ بەردەوامبوون لە خوێندنی باڵا، بەهێزکردنی متمانەبەخۆبوون و دروستکردنی تۆڕێکی پەیوەندیی زانستی بگێڕن."
بنار سەردار ئاماژەی بەوەش دا، "هەروەها، کۆبوونەوەی فێرخوازانی قۆناخە جیاوازەکانی خوێندن لەگەڵ توێژەران و کەسانی خاوەن ئەزموون، دەتوانێت ببێتە هۆی دەستکەوتنی زانیاری لەسەر دەرفەتەکانی خوێندنی باڵا، ناسینی رێگاکانی پێشکەوتنی زانستی و دروستکردنی هاوکارییە نوێیەکان لە نێوان بوارە جیاوازەکاندا."
لە کۆتایی لێدوانەکەی دا، بنار سەردار جەختی لە کۆنفرانسی ساڵانەی کوردانی ئەکادیمی، بە کۆکردنەوەی فێرخوازان و توێژەرانی کورد لە چوار بەشی کوردستان کردەوە و باس لە پەیامێکی گرنگی کۆنفرانسەکە دەکات و ئەوەی خستەڕوو؛ ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکە بۆ ئەوەی توانا ئەکادیمییەکانی کورد بناسرێن، ئەزموونەکان بگوازرێنەوە و خەونی نەوەیەکی خوێندەوار و شارەزا بگۆڕدرێت بۆ دەستکەوتێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگەی کوردی.