سلێمانی.. پێشانگەی هاوبەشی هونەری 'چینەکان' کرایەوە

هەردوو هونەرمەند دانیار هۆشەنگ و ژیار مستەفا، پێشانگەیەکی هاوبەشی هونەری لەژێر ناونیشانی "چینەکان"،  بۆ گوزارشتکردن لە مرۆڤ و ژیانی هاوچەرخ بە زمانی هونەری چاپ، لە گەلەری لەتیف جەمال لە سلێمانی دەکەنەوە.

شەممە، 10ی تشرینی یەکەمی 2026، دانیار هۆشەنگ، هونەرمەندی شێوەکار بە کوردستان24ی راگەیاند، "ناونیشانی "چینەکان"، لەگەڵ شێوازی پێشکەشکردنی کارەکەمان دا پەیوەندییەکی نزیکی هەیە؛ چونکە لەم جۆرە هونەرەدا، وێنە تەنیا کۆمەڵێک رەنگ و هێڵ نییە، بەڵکو لە رێگەی چینە یەک لە دوای یەکەکانەوە، واتا و هەستێکی نوێ دروست دەبێت. هەر چینێک دەتوانێت بەشێک لە چیرۆکی کارەکە بێت و لەگەڵ چینەکانی دیکەدا، گوزارشتێکی تەواوتر لە بیرکردنەوە و تێڕوانینی ئێمە پێکبهێنێت."

دانیار هۆشەنگ سەبارەت بە کردنەوەی پێشانگەکە گوتی، "لە کارە هونەرییەکانی ئەم پێشانگەیەی ئێمەدا، تێکەڵکردنی رەنگە توند و جیاوازەکان لەگەڵ هێڵ و شێوەی ئەندازەیی و رووخساری مرۆڤ، دەرگایەک بۆ خوێندنەوەی جیاوازییەکانی نێوان دەرکەوتەی دەرەوە و جیهانی ناوەوەی مرۆڤ دەکاتەوە. رووخساری مرۆڤ لە ناو چینە رەنگاورەنگەکاندا تەنیا وەک بابەتێکی بینراو پیشان نادرێت، بەڵکو دەبێتە خاڵی سەرەکیی پەیوەندیی نێوان هەست، بیرکردنەوە و شێوازی بینینی جیهان."

سەبارەت بە پەیامی پێشانگەکە، دانیار هۆشەنگ دەڵێت، "پەیامی سەرەکیی ئەم کارەی ئێمە لەوەدایە کە جیهانی مرۆڤ لە چینێکی تاک پێک نەهاتووە؛ بەڵکو کۆمەڵێک ئەزموون، بیرەوەری، هەست و رووداوی جیاواز لە ناخی مرۆڤدا کۆدەبنەوە و کەسایەتییەکەی پێکدەهێنن. وەک چۆن چینە رەنگەکان لە یەکدا تێکەڵ دەبن و وێنەیەکی نوێ دروست دەکەن، ئەزموونەکانی ژیانیش بەش بەش کاریگەرییان لەسەر مرۆڤ دادەنێن."

دانیار هۆشەنگ باسی لەوەش کرد، "لە روویەکی دیکەوە، بەکارهێنانی رەنگ و شێوەی جیاواز، بینەر هان دەدات بە تێڕوانینێکی کراوەوە لە کارەکان بڕوانێت و تەنیا بە دەرکەوتەی سەرەتاییەوە لە واتایان تێنەگات. لێرەدا، هونەر دەبێتە زمانێکی بێدەنگ و دەتوانێت هەست و بیرکردنەوە بگوازێتەوە، تەنانەت ئەگەر هەموو بینەرێک بە شێوازێکی جیاواز لێی تێبگات."

ئەو شێوەکارە سەبارەت بە گرنگیی هونەری چاپ و تێکەڵەکانی پێشانگەکە دەڵێت، "هونەری چاپ یەکێکە لەو بوارانەی هونەر کە توانای تێکەڵکردنی تەکنیک، داهێنان و بیرکردنەوەی هونەری هەیە. ئەم هونەرە دەرفەت بە ئێمە دەدات لە رێگەی رەنگ، رووکار، هێڵ و چینە جیاوازەکانەوە، کارێکی تایبەت و جیاواز پێشکەش بکەین. هەروەها، تێکەڵکردنی شێوازە جیاوازەکان سنووری نێوان رێگاکانی دەربڕینی هونەری فراوانتر دەکات و دەرفەت بۆ تاقیکردنەوە و دۆزینەوەی زمانێکی نوێی هونەری دەڕەخسێنێت."

پێشانگەی هاوبەشی هونەری "چینەکان"، لەلایەن هەردوو هونەرمەندی شێوەکار، دانیار هۆشەنگ و ژیار مستەفا، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 10ی تشرینی یەکەمی 2026، لە گەلەری لەتیف جەمال لە سلێمانی کرایەوە و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.