یەکەم مامۆستای زمانی کوردی لە ئیستانبوڵ دەستی بە وانەگوتنەوە کرد

بۆ یەکەمجار لە مێژووی تورکیادا، مامۆستایەکی زمانی کوردی بە فەرمی لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری ئیستانبوڵ دامەزرا و دەستی بە وانەگوتنەوە کرد، ئەمەش کاردانەوەی ئەرێنیی بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەم مامۆستایە بۆ قوتابخانەی ناوەندیی (سوڵتان ئالپئەرسلان) لە ناوچەی ئێسێنیورتی پارێزگای ئیستانبوڵ دەستنیشان کراوە. لە یەکەم هەنگاویدا خوێندکارەکانی ئاشنای کولتوور و زمانی کوردی کردووە و سرودی (زمانێ کوردی) بە منداڵەکان دەخوێنێتەوە.

ئەم پێشهاتە وەک هەنگاوێکی وەرچەرخان لە سیستەمی پەروەردەییدا سەیر دەکرێت و کاردانەوەی ئەرێنیی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە.

لە ساڵی 2012ـەوە، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا زمانی کوردی (کرمانجی و زازاکی) وەک وانەیەکی هەڵبژاردە بۆ پۆلەکانی پێنج تاوەکو هەشت لە پرۆگرامی خوێندندا جێگیر کردووە. سەرەڕای ئەوەی ساڵانە هەزاران خوێندکار داواکاری بۆ خوێندنی ئەم وانەیە پێشکەش دەکەن، بەڵام پرۆسەی دامەزراندنی مامۆستایانی پسپۆڕی زمانی کوردی بە فەرمی زۆر سست بووە و تەنیا ژمارەیەکی کەم لەو مامۆستایانە لە چەند شارێک دامەزراون.

لەم ساڵەی خوێندندا، خواست لەسەر خوێندنی زمانی کوردی لە ناوچەی ئێسێنیورتی ئیستانبوڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو چوار هێندە زیادیکرد و ژمارەی ئەو خوێندکارانەی ویستیان کوردی بخوێنن گەیشتە 1000 خوێندکار. بەهۆی ئەم فشارە و داواکاریی بەردەوامی دایک و باوکانەوە، بەڕێوەبەرایەتیی قوتابخانەی ناوەندیی سوڵتان ئالپئەرسلان داوای تەرخانکردنی میلاکی فەرمیی کرد و دواجار وەزارەتی پەروەردە یەکەم مامۆستای پسپۆڕی بۆ وانەکە گواستەوە.

 پارێزەرێکی بزووتنەوەی زمانی کوردی (هەزکورد) لە لێدوانێکدا باسی لەوە کرد، ئەم هەنگاوە دەستپێکێکی گرنگە بۆ بڵاوبوونەوەی وانەی کوردی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا.