فیلمی "هۆشیار" لە لوبنان خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیمێنتاری بەدەستهێنا

فیلمی دۆکیمێنتاری "هۆشیار"، لە دەرهێنانی زولفەقار موتەیرییە، لە 13یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەمای لوبنان بۆ فیلمە کورتەکان، کە لە سینەمای کۆلیزییە لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان بەڕێوەچوو، توانی خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکیمێنتاری بەدەستبهێنێت."

چوارشەممە، 14ی تشرینی یەکەمی 2026، زولفەقار موتەیرییە، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو فێستیڤاڵە زیاتر لە 60 فیلم لە 15 وڵات تێیدا بەشداربوو وەکو، عێراق، ئێران، میسر، سوریا، مەغریب، هیندستان و ژمارەیەک وڵاتی دیکە. هەروەها جۆری فیلمەکانیش بریتی بوون لە، فیلمی چیرۆکی، دۆکیمێنتاری و ئەنیمەیشن. خۆشبەختانە لەنێو 60 فیلمدا توانیمان خەڵاتی باشترین فیلمی دۆکێۆمێنتاری بەدەستبهێنین."

زولفەقار موتەیرییە سەبارەت بە ئامانجی فێستیڤاڵەکە گوتی، "ئامانجی فێستیڤاڵەکە پشتگیرییە لە سینەمای سەربەخۆ و  دەرخستنی بەهرەی دەرهێنەرانی گەنج و دروستکردنی دەرفەت بۆ پێشکەشکردنی ئەزموونە سینەمایییە جیاوازەکان."

سەبارەت بە چیرۆکی فیلمەکە، زولفەقار موتەیرییە دەڵێت، "فیلمەکە چیرۆکی هۆشیار عەلی دەگێڕێتەوە، ئەو پیاوەی ژیانی خۆی کردووە بە ئەرکێکی مرۆڤایەتی بۆ پاککردنەوەی مین لە کوردستان و خاکی مەترسیی گۆڕیوە بۆ خاکێکی ئارام و ژیانبەخش. لە رێگەی گەشتی ژیانیدا دەبینین کە قارەمانی تەنیا لە خەیاڵدا نییە، بەڵکو لە راستیدا هەیە، و قارەمانە راستەقینەکان ئەوانەن بە بێ دەنگی رووبەڕووی مردن دەبنەوە بۆ ئەوەی ئارامی بە کەسانی تر ببەخشن."

ئەو دەرهێنەرە زیاتر باس لە چیڕۆکی فیلمەکە دەکات و جەختی کردەوە، "فیلمەکە شێوازی بەڵگەنامەیی و درامی تێکەڵ کردووە بۆ ئەوەی وێنەیەکی کاریگەر پێشکەش بکات لە مرۆڤێک کە توانیویەتی لە ئازار و لەدەستدان تێپەڕێت و بە دەستی خۆی ئاشتی دروست بکات. لە کۆتایی گەشتەکەدا، هۆشیار عەلی وەک قارەمانێکی سوپەر دەردەکەوێت لە جۆرێکی جیاواز نەک بە هێزی جادوویی، بەڵکو بە بوێرییەک  بتوانێت ژیان بگەڕێنێتەوە بۆ زەوییەک کە رۆژگارێک مردوو بوو."

فیلمی دۆکیمێنتاری "هۆشیار"، لە دەرهێنانی زولفەقار موتەیرییە و سیناریۆکەی لەلایەن موستەفا حەسەن نووسراوە. عیماد  مستەفا وەک بەڕێوەبەری وێنەگرتن بەشداری کردووە و وێنەگرتنیش لەلایەن عەلی نازم ئەنجامدراوە. دەنگ لەلایەن کەرار ئەحمەد ئامادەکراوە و بەڕێوەبەرایەتی هونەری بە حازم محەمەد سپێردراوە. کاری گرافیکیش لەلایەن مونتەسیر ئەنجامدراوە و بەشی پشت پەردەی فیلمەکە لەلایەن شوان زەنگەنە تۆمار کراوە."