کەشتییەک بە بارەوە لە گەرووی هورمز نقوومبوو
سوپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی دیمەنی ڤیدیۆیی نقوومبوونی کەشتییەک بە بارەوە لە نزیک گەرووی هورمز رایگەیاند، ئەو کەشتییە هەوڵیداوە لە رێگەی نایاسایی گەرووەکە تێپەڕێنێت، بەڵام مینی دەریایی پێدا تەقیوەتەوە و بە بارەوە نقوومبوو.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، کەشتییەک بە بارێکی زیاتر لە 2500 کۆنتێنەر، هەوڵیداوە بە نایاسایی لە رێڕەوێکی قەدەخەکراوی باشووری گەرووی هورمز تێپەڕێنێت، بەڵام مینێکی دەریایی پێیدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە ئاگری تێدا کەوتووەتەوە، دوای چەند کاتژمێرێک، کەشتییەکە بە بارەوە نقوومبووە.
سوپای پاسداران هۆشداری داوەتە خەڵکانی دانیشتووی کەناراوەکانی نزیک گەرووی هورمز و ئەو بەلەمەوانانەی لە ناوچە ئاوییەکەدا رۆژانە سەرقاڵی راوی ماسین، بۆ ئەوەی لە رێرەوە قەدەخەکراو و منڕێژکراوەکان دوورە پەرێزبن، بۆ ئەوەی بەهۆی مینە دەریاییەکانەوە ژیانیان نەکەوێتە مەترسی، هەروەها لەو شوێنەش نزیک نەکەونەوە کە کەشتییەکەی تێدا نقووم بووە، بۆ ئەوەی بە بەلەمەکانیان لەگەڵ کۆنتێنەرەکان تووشی پێدادان نەبن.
هۆشدارییەکەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە، ساتی نقوومبوونی کەشتییەکە بە بارەوە، ژمارەیەک بەلەمی بچووک لە کۆنتێنەرەکان نزیکبوونەتەوە و خەریکی دەرهێنان و کۆکردنەوەی باری نێو کۆنتێنەرەکانن. ئەم دیمەنەش سۆشیاڵ میدیای تەنیوە.
هەر لە بارەی کەشتییە نقوومبووەکەوە، کۆمپانیای ڤانگارد بڵاویکردووەتەوە، کەشتی GFS Pride، کە کەشتییەکی گواستنەوەی بار بووە و بە ئاڵای سەنگافورە لە نزیک گەرووی هورمز بەهۆی تەقینەوەیەک نقوومبووە، بەڵام روون نەبووەتەوە ئایا بەرمینی دەریایی کەوتووە یان هێرشیکراوەتە سەر.
هەروا ئاماژەیداوە، تەنیا لە رۆژی سێشەممەدا سێ کەشتی لە نزیک گەرووی هورمز بەدیکراون، دووانیان لە جوولە بەردەوامن، تەنیا یەكێک لە کەشتییەکان لە سیستەمی چاودێریی جووڵەی دەیاریی ون بووە.