بانکی بازرگانی نیشتمان بۆ وەرگرتنی فەرمانبەرانی ئاگادارییەک بڵاو دەکاتەوە

 بانکی بازرگانیی نیشتمان پڕۆسەی وەرگرتنی داواکاری بۆ دامەزراندن لە پۆستەکانی بەرپرس و فەرمانبەری هۆبە لە لقەکانی بانکەکە راگەیاند.

بانکەکە لە ئاگادارییەکدا داوا لەو فەرمانبەرانە دەکات کە لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری کار دەکەن و ئارەزووی گواستنەوەی راژەکەیان بۆ لقەکانی بانکەکە هەیە، لە رێگەی فۆڕمێکی ئەلیکترۆنییەوە داواکاری پێشکەش بکەن.

بەپێی راگەیەندراوەکە، هەلی کارکردنەکە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ، سۆران، گەرمیان و راپەڕین بەردەست دەبێت.

بانکی بازرگانیی نیشتمان روونیکردەوە، پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری تەنیا لە رێگەی لینکی تایبەتەوە دەبێت. پێشکەشکاران دەبێت سەرجەم مەرجەکانی ناو فۆڕمەکە جێبەجێ بکەن کە دیارترینیان دەرچوونی بەشەکانی بانکییە. دوای تەواوبوونی وادەی پێشکەشکردن، تاقیکردنەوە بۆ سەرجەم بەربژێران دادەنرێت و ئەو کەسانەی نمرەی پێویست بەدەست دەهێنن، وەردەگیرێن.

لینکەکە لە ئەمڕۆوە تا 22ـی ئەم مانگە بۆ وەرگرتنی فۆڕمەکان چالاک دەبێت.

بانکی بازرگانیی نیشتمان کە مۆڵەتی کارکردنی لە بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرتووە، دەبێتە گەورەترین بانکی حکوومیی هەرێمی کوردستان و چوارەم گەورەترین بانکی حکوومی لەسەر ئاستی عێراق. دوای دەستبەکاربوونی بانکەکە، هاووڵاتییان دەتوانن پێشینەکان و دۆلار بە نرخی فەرمی لەو بانکە وەربگرن.