سەرباری سزاکان، قەبارەی هەناردەی ئێران گەیشتووەتە 21 ملیار دۆلار

بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی رۆژئاوای ئاسیا و ئەفریقا لە رێکخراوی پەرەپێدانی بازرگانیی ئێران دەڵێت: سزا و گەمارۆ ئابوورییەکان کاریگەریان لەسەر پەکخستنی بازرگانی کۆماری ئیسلامی نەبووە و سەرەڕای سزاکان، قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ ئەمساڵ گەیشتووەتە 21 ملیار دۆلاری ئەمریکی.

عەبدولئەمیر رەبیهاوی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی رۆژئاوای ئاسیا و ئەفریقا لە رێکخراوی پەرەپێدانی بازرگانیی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لە ژووری بازرگانیی ورمێ ئاماژەی بەوە کرد، پارێزگای ورمێ بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تورکیا، کە دوو هاوبەشی سەرەکیی بازرگانیی ئێرانن، پێگەیەکی زۆر گرنگی لە بازرگانیی دەرەکیدا هەیە. 

هەروەها ئاشکرای کرد، سەرباری سزا و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، لەمساڵدا قەبارەی هەناردەی وڵاتەکەی گەیشتووەتە 21 ملیار دۆلار و قەبارەی هاوردەش 19 ملیار دۆلار بووە. گوتیشی: نابێت بە رێکارە کارگێڕییەکان ئاستەنگ لەبەردەم پەرەپێدانی بازرگانیی ئەو ناوچەیە دروست بکرێت، بەڵکو دەبێت سوود لە توانا سنوورییەکانی وەربگیرێت و بکرێتە ناوەندێک بۆ پێشانگە نێودەوڵەتییەکان.

رەبیهاوی ئاماژەی بە رۆڵی گرنگی کەرتی تایبەت کرد و رایگەیاند، سەرباری ئاستەنگەکان، کەرتی تایبەت بزوێنەری سەرەکیی بازرگانی و هەناردەی وڵاتە و دەبێت پاڵپشتی بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، محەممەد رەجەبنەژاد، بەرپرسی هەماهەنگی راوێژکارە بازرگانییەکانی ئێران، ئاشکرای کرد کە بۆ پاراستن و بەهێزکردنی پێگەی ئێران لە بازاڕەکانی ناوچەکە و جیهاندا، ئێستا 17 راوێژکاری بازرگانیی ئێران لە چەند وڵاتێکی مەبەست، جێگیر کراون. ئامانج لەم هەنگاوە پێدانی زانیاریی وردی بازاڕەکان و کارئاسانییە بۆ بازرگانان و هەناردەکاران، بەتایبەتی لەم دۆخە هەستیارەی ئێستای ناوچەکەدا.